بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن دانایی فەڕ باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەیەکی سنوریی نێوان عێراق و سوریا، وتی: حەشدی شەعبی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە لە ناوخۆی عێراق و هێزێکە کە لە لایەن خەڵکەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ڕووی یاساییەوە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە و لە هەمووش گرنگتر ئەوەی کە ئەم هێزانە بە فەتوای جیهادی مەرجەعیەتی باڵای شێعەکان پێکهێنراوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەمریکا بە بیانووی ئەوەی کە وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە، لە ناوچەیەکی سنوری نێوان عێراق و سوریا هێرشی کردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەمەش درێژەی هەمان سیاسەتی هەڵەی واشنتنە. بەشێک لەم هەڵەیە بۆ لێکدانەوە هەڵەکان لە بارودۆخی ناوخۆیی عێراق دەگەڕێتەوە، بە بۆچوونی من ئەم هەڵەش دەبێتە هۆی خێراتربوونی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوبراو سەبارەت بە کاردانەوەکانی حەشد لە بەرامبەر ئەم هێرشە و ئەگەری زیاتربوونی هێرشی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: حەشدی شەعبی هێزێکی سەربازی فەرمی عێراقە، ئەو هێرشانەش لە لایەن هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکاوە دەکرێت، ئەمانە دوو بابەتن، لە عێراق خەڵک لە دژی داگیرکاری ئەمریکییەکان ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەو وڵاتە، ئەمە بەرگری ڕەوایە کە بە لای ئەمریکاوە حەشدی شەعبی دەیکات و هەڵەکەی ئەمریکاش لەوەدایە کە لە ڕاستی دۆخی عێراق تێناگات، هەر بۆیە هێرش دەکاتە سەر پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەمەش تێچوویەکی قورسی بۆ واشنتن دەبێت.
دانایی فەڕ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی هێرشەکەی ئەمریکا لە گەڵ ڕووداوەکانی ئەفغانستان، وتی: پێم وا نییە کە ڕووداوەکانی ئەم دوو وڵاتە پەیوەندییەکی زۆری پێکەوە هەبێت، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی حەشدی شەعبی لە ناوچەیەکی سنوری نێوان عێراق و سوریا هەنگاوێکی تەکتیکی کەم بایەخە کە بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک بابەت کراوە.
ئەم دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران لە درێژەدا وتی: دۆسیەی عێراق و ئەفغانستان لە یەک خاڵدا هاوبەشیی هەیە و ئەویش سیاسەتی گوماناوی ئەمریکایە. ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان هاوکاری گرووپی تاڵیبانیان کرد، مایک پۆمپیۆ تەنیا شانازی ئەوە بوو کە لە گەڵ تاڵیبان گەیشتووەتە ڕێکەوتن، لە پاش چەند کۆبوونەوەیەکی تاڵیبان لە گەڵ ئەمریکا لە قەتەر ئەم گرووپە هێزەکانی ڕێکخستووەتەوە و دەستی بە سەر چەندین ناوچەی ئەفغانستاندا گرتووە، لە ئێستادا ئەم نیگەرانییەش هەیە کە لە عێراقیش هەمان سیاسەت بۆ داعش بگرێتەبەر، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێن کە هاوبەشییەک لە نێوان گۆڕانکارییەکانی عێراق و ئەفغانستاندا هەیە، هەرچەندە کە پێم وایە لە عێراق هێندە سەرکەوتوو نابێت./.