بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ساڵۆگەڕی بۆردومانی کیمیایی شاری سەردەشت و ڕۆژی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی چەکە کیمیایی و بایۆلۆژییەکان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
زەری لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: لە سی و چوارەمین ساڵۆگەڕی کارەساتی دڵتەزێنی هێرشی کیمیایی سەدام بۆ شاری زوڵملێکراوی سەردەشت، یاد و بیرەورییەکانی شەهیدانی کیمیایی بەرز ڕادەگرم و لە خودای گەورەش بۆ بەرکەوتووانی ئازیزی ئەو کارەساتە لەبیرنەکراوە، تەندرووستی و تەمەندرێژی دەخوازم.
ناوبراو سەردەشتی وەک هێمای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سڤیل و ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئێران لە سەردەمی هاوچەرخ ناو برد و وتی: کەمئەندامانی ئازیزی ئێمە دوو جار بوونە قوربانی سیاسەتی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، جاری یەکەم ئەوەی کە ئەو وڵاتانە و کۆمپانیاکانیان چەک و مادەی کیمیایی و پێداویستییەکانی دیکەیان بە ڕژێمەکەی سەدام دا و ئەو حکومەتانە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی سەدام بێدەنگییان هەڵبژارد و جاری دووەمیش لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ کە بە سەپاندنی نایاسایی و نامرۆڤانەترین سزاکان ڕێگریی لە گەیاندنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ بەرکەتووانی چەکی کیمیایی لە ئێران کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: سەرەڕای هەوڵەکانی ئێمە و هاوکاری ڕێکخراوی ڕێگری لە چەکی کیمیایی، هێشتا حکومەتی نوێی ئەمریکا درێژە بە سیاسەتی حکومەتی پێشوو دەدات و بە هەمان شێوە ڕێگری لە گەیشتنی دەرمان بۆ بەرکەتووانی چەکی کیمیایی دەکات.
زەریف لە پەیامەکەیدا هەروەها ڕایگەیاندووە کە جیهان قەرزداری گەلی ئاشتیخوازی ئێرانە بە تایبەت دانیشتووانی شارەکانی سەردەشت و شنۆ و شارەکانی دیکە و هەروەها خەڵکی زوڵملێکراوی هەڵەبجە کە لە ژێر بۆردومانی کیمیایی سەدام دەنگی زوڵملێکراویی خۆیانیان بەرز کردەوە و لە ئاکامدا بووە هۆی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی ڕێگری لە چەکە کیمیاییەکانی لە ساڵی 1993 لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی./.