بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دەقە مێژووییەکاندا هاتووە کە کۆشکی عەلیشا تەنیا باڵاخانەی بەرزی شاری تەورێز بووە کە لە دوورەوە دیار بووە. ئەم کۆمەڵە کەم وێنەیە سەرەتا وەک مزگەوتێکی گەورە بونیاد نرا کە بە درێژایی مێژوو، هەروەها بە هۆی 40 بومەلەرزەی ناوچەکە و چەندین شەڕەوە تا ڕادەیەکی زۆر زیانی پێگەیشت و ئەمڕۆ تەنیا دیوارێکی بەرزی لێ ماوەتەوە کە بە ناوی کۆشکی تەورێز یان کۆشکی عەلیشا ناو دەبرێت.
پێشتر لەم شوێنەدا، ئاسەوارە مێژووییەکانی دیکەی وەک قوتابخانەی ڕزگاری هەبووە کە یەکێک لە یەکەم قوتابخانەکانی ئێرانی ئەوە سەردەمە بووە و هەروەها هۆڵێکی شانۆیش هەبووە، ئێستا لەو هەموو بینایە تەنیا چەند وێنەیەک ماوەتەوە. ئەم یادگارە مێژووییە پڕبایەخە لە ساڵی 1310 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەرەوە بە ژمارە 170 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
کاری بونیادنانی سەرەتایی کۆشکەکە لە ساڵانی 716 تا 724 ی کۆچی مانگی لە سەر دەستی تاجەدین عەلیشا گەیلانی – وەزیری ئیلخانەکانی مەغول – بە ئامانجی درووستکردنی مەزارگەیەک لای مزگەوتەکە دەستیپێکرد. کۆچی دوایی عەلیشا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕاگرتنی پرۆژەکە لەو کاتەدا بووە.
ئەم کۆمەڵەیە لە هەر سەردەمێکدا بە شێوازێک کەڵکی لێ وەرگیراوە، بۆ نموونە، لە سەردەمی قاجاڕەکان ئەم مزگەوت و شوێنەکانی دیکەی کرایە کۆگای هەڵگرتنی چەک و کەرەستەی سەربازی و هەروەها دانەوێڵەکان و هەر بۆ ئەمەش چواردەورەکەی گیرا و ناوی ئەرگیان بۆ هەڵبژارد.
لە ڕاستیدا بە دەستپێکردنی شەڕەکانی ئێران و ڕووسیا لە ساڵانی 1804 تا 1824 ی زائینی و هەروەها شەڕی ئێران و بەریتانیا کە ساڵی 1857، کۆمەڵەی کۆشکی عەلیشا بووە کۆشک و قەڵایەکی سەربازی و لە سەر فەرمانی عەباس میرزا، جێنشینی قاجاڕ، دوو دامەزراوەی سەربازی گرنگ بە ناوی ناوەندی فەرماندەیی شەڕی سوپای ئێران و کارگەی درووستکردنی کەرەستەی سەربازی لەم کۆمەڵەیە درووست کرا.
لە سەردەمی ڕاپەڕینی خەڵکی تەورێزیش ئەم بینایە دیسانەوە بووە سەنگەرێک بۆ خەباتگێڕانی شارەکە و بووە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ستارخان و باقرخان لە بەرامبەر تۆپبارانکردنەکانی محەممەد عەلی شای قاجاڕ کە هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە لە سەر دیوارەکان ماوەتەوە.
لە ئێستادا لە شوێنی ئەم کۆمەڵەیە و لە تەنیشت دیوارە بەجێماوە مێژووییەکە، مزگەوتێکی گەورە کراوەتەوە.
کۆشکی تەورێز کەوتووەتە ناوەڕاستی شارەکە، لە بەشی باشوری شەقامی ئیمام خومەینی (رە) و شەقامی فیردەوسی و نزیک گۆڕەپانی ساعەت./.