بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕاپۆرتێکدا شرۆڤەی کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەم ڕژێمەی کرد، بە تایبەت لە سەر گرژییەکانی نێوان تەل ئەبیب و تاران و هەروەها پەیوەندیی لە گەڵ حکومەتەکانی باراک ئۆباما و دوناڵد ترەمپ لە ئەمریکا.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە نتانیاهۆ لە ڕوبەڕوبونەوەی دۆسیەی ناوەکی ئێران لە سەردەمی باراک ئۆباما تووشی شکستێکی گەورە بوو بەڵام شانازی پێوە دەکات.
کەناڵەکە ڕایگەیاندووە کە ئەو سەردانی کۆنگرێسی کرد و لە بەرامبەر ڕای گشتی و بەشێک لە ڕای گشتی ئیسرائیل ڕاوەستا و پاشان ترەمپ هات و لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشایەوە بەڵام دەستێوەردانەکانی نتانیاهۆ و لایەنگریی لە کۆماریخوازەکان بووە هۆی ئەوەی کە دیمۆکراتەکانی نزیک لەو و لۆبی جولەکە، لایەنگری لە سیاسەتی سەردەمی ئۆباما بکەن.
کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی تەل ئەبیب درێژە بە هەوڵەکانیان بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەدەن. ئاویو کوخاوی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەم ڕژێمە ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب دژی ئەوەیە ئەمریکای بایدن بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە نتانیاهۆ لە ڕاستیدا لە ئامانج و بەرنامەکانی شکستی هێنا بەڵام بە ئیسرائیلییەکانی وت کە سەرکەوتوو بووە، لە دۆسیەی ناوەکی ئێران شکستی هێنا و سەرەڕای گوشارەکانی سەر دوناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی، نەیتوانی ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی ئێران لەم بوارەدا بکات.
کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە کە لە سەرجەم ئەم خاڵانە کە نتانیاهۆ خۆیی بە سەرکەوتوو ناو بردووە، شکستێکی گەورەی هێناوە./.