بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر فاتیمە نەورۆزیان وتەبێژی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای هورمزگان لە ئێران، وتی: پێویست بەوە ناکات سەرجەم نیشانەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە نەخۆشێکدا هەبێت و بوونی یەک یان دوو نیشانە وا دەکات کە کەسەکە پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنای بۆ بکرێت.
ناوبراو وتی: خەڵک لە کاتی توشبوون بە نیشانەکانی وەک هەناسەتەنگی، کۆکە، هەستکردن بە ماندووێتی و لاوازی زۆری جەستە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای هورمزگانی ئێران، سێ ڕۆژی سەرەتای توشبوون بە کۆرۆنا، باشترین کاتە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە تا ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە و مردنی توشبووان بکرێت./.