بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەبێت لە گەڵ ئەو کەسەی کە بڕیارە بە ڤاکسێنی کۆرۆنا بکوترێت، بە شێوازی زانستی و بە ڕاشکاوانە قسە بکرێت و سەرجەم سوودەکانی بەکارهێنانی ڤاکسێنی بۆ ڕوون بکرێتەوە، دەبێت تەنیا بە ڕەزامەندی و لە سەر خواستی هەر کەسێک ڤاکسێنی کۆرۆنا بەکار بهێندرێت.
لە کاتی سەردانیکردنی ناوەندە تەندرووستییەکان بۆ کوتانی ڤاکسێنی کۆرۆنا دەبێت ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لەم پەتایە لە بەرچاو بگیردرێت، وەک دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی، مەودای دوو مەتری لە خەڵک، پۆشینی جلوبەرگری شیاو، باسکردنی سەرجەم تایبەتمەندییەکانی وەک پێشینەی پزیشکی، هەستیاری، نەخۆشییەکان.
ئەمانە کە باس کرا، ئەگەر وتیان پێویست بە کوتانی ڤاکسێنەکە ناکات متمانە بە قسەی ئەو کەسانە بکەن کە لەو ناوەندە تەندرووستییە ئیش دەکەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر وتیان کە دەبێت بکوترێن، پەلە نەکەن و دەرفەتی پێویست بەوان بدەن تا پرۆسەی کوتانەکە بە درووستی بەڕێوە بچێت.
پاش کوتانیش بۆ ماوەی 20 خولەک لە شوێنێکی گونجاودا بمێننەوە و ئەگەر کاریگەرییەکی لە سەر ئێوە هەبووە بە فەرمانبەرانی ئەو ناوەندە تەندرووستییە بڵێن، تەنانەت ئەگەر سەبارەت بە ڕۆژانی داهاتووش و ئەوەی کە پێویستە بیکەن، پرسیارتان هەبوو، دیسانەوە لەوان ڕێنمایی وەربگرن.
هەندێک کەس بە کوتانیان بە ڤاکسێنی کۆرۆنا تووشی کاریگەرییەکانی وەک تا، ئێشی شوێنی کوتانەکە، ئێشی جەستە بە گشتی، سەرئێشە، لەرزین، ئێشی چاو، هەستکردن بە ڕشانەوە و …. دەبن کە ئەڵبەت لە ماوەی 48 کاتژمێردا تەواو دەبێت، هەر بۆیە پێویست بەوە ناکات نیگەران بن و ئەگەر حاڵەتەکەش نیگەرانی کردن، پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەن.
دەبێت ئەوە بزانین کە لە پاش بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە هەمان شێوەی پێشوو پێویست بە بەکارهێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی دەکات.
ئەگەر لە پاش بەکارهێنانی ڤاکسێن، شوێنی کوتانەکە ئێشی هەبوو، پارچە قوماشێکی خاوێن و فێنک لە سەری دابنێن تا لە ئێشەکەی کەم بکرێتەوە.
بە وتەی بەرپرسانی کەرتی تەندرووستی، باشترین جۆری ڤاکسێن ئەو ڤاکسێنەیە کە لە بەردەستە، ئێستا کاتی بەراوردکردنی ڤاکسێنەکانی کۆرۆنا نییە، ئەوانەی ئێستا هەموویان موڵەتی فەرمی وڵاتانی جیهانیان هەیە./.