بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مێهرداد ڕەوانشاد پزیشکی پسپۆڕ لە ڤایرۆسەکان ڕایگەیاند کە سەلماندنی کاریگەری یەک ڤاکسێن لە کورت ماوە و درێژ ماوەدا پێویستی بە توێژینەوەی زۆر هەیە بەڵام بە هۆی هەلومەرجی ئێستای جیهان و بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا موڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسێنەکە دەرکراوە.
ناوبراو وتی: بۆ نموونە، کوتانی ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ منداڵان و میرمنداڵانی ژێر تەمەن 18 ساڵ باش نییە و پزیشکان ڕێنمایی بەکارهێنانی ناکەن. هەروەها ئەو کەسانەش کە بە هۆی کوتانیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی هەستیاری بوون دەبێت لە ژەمی دووەمی هەمان ڤاکسێن خۆیان بە دوور بگرن و ڤاکسێنی دیکە بەکار بێنن.
ئەم مامۆستایەی زانستە پزیشکییەکان وتی: ژنانی دووگیان و ئەوانەش شیر بە منداڵەکانیان دەدەن بەکارهێنانی ڤاکسێنیان بۆ سنوردار کراوە، لە ئێستادا توێژینەوەیەکی تەواو سەبارەت بەم گرووپە نەکراوە و هەر بۆیە زانیارییەکی تەواو لە سەر کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە سەر ئەوان لە بەردەستدا نییە.
دکتۆر ڕەوانشاد وتی: لە ئێستادا چوار ڤاکسێنی بیانی هاوردەی ئێران کراوە و کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ڤاکسێنی ئەسترازینکا کە بە تەکنۆلۆژیای بەریتانیا لە کۆریای باشور بەرهەم دێت و هاوردەی ئێران کراوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ڤاکسێنی سپۆتنیک ڤی کە لە ڕووسیا بەرهەم هاتووە و هەروەها ڤاکسێنی کواکسین کە بەرهەمی وڵاتی هیندستانە و لە ئێران بەکار دێت و ڤاکسێنی چینی بە هەمان شێوە لە ئێران بەکار دێت.
ئەم پزیشکە پسپۆڕە وتی: لە ئێستادا ڤاکسێنی ناوخۆییش لە ئێران بە فەرمی کەوتە بەردەست و بۆ کوتانی خەڵکی لە دژی کۆرۆنا بەکار دێت.
ڕاشیگەیاند کە پەتای کۆرۆنا وەک نەخۆشییەکی کوشندە پێویستی بە کوتانی سەرتاسەری و پاراستنی خەڵکە بە گشتی، هەر بۆیە ئەو ڤاکسێنەی کە لە بەر دەستە دەبێت بەکار بێت، لە پاش کوتانیش پێویستە لە بەکارهێنانی دەمامک بەردەوام بین، لە بەر ئەوەی کە بەکارهێنانی ڤاکسێن تەنیا ڕێگری لە جۆری توشبوونی قورس بەم پەتایە دەکات.
کاریگەری ڤاکسێنی کۆرۆنا لە پاش بەکارهێنانی ژەمی دووەم دەبێت
ناوبراو هەروەها وتی: پاش بەکارهێنانی ژەمی یەکەم لانیکەم یەک هەفتە بۆ چالاکبوونەوەی سیستەمی بەرگری جەستە و پاراستنی لە بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە پێویستە.
مێهرداد ڕەوانشاد وتی: لە ڕاستیدا لە پاش کوتانی خەڵک بە ژەمی یەکەمی ڤاکسێنی کۆرۆنا، بەردەوام مەترسی توشبوون بە جۆری قورسی پەتای کۆرۆنا هەیە و لە پاش بەکارهێنانی ژەمی دووەمە کە ڤاکسێنەکە کاریگەریی دەبێت.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین بڵاو بوویەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە سەرتاسەری جیهان بڵاو کرایەوە. ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە مانگی شوباتی ساڵی 2020 بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە تەواوی جیهان ڕاگەیاند.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگای دەستی پیسبوو، پژمە، کۆکە و تەنانەت لە ڕێگای هەناسەدانەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، هەر بۆیە بەردەوام ڕێنمایی ئەوە دەکرێت خەڵک دەمامک بەکار بێنن.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان (تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە) نزیکەی 175 ملیۆن کەس لە سەر ئاستی جیهان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 3 ملیۆن و 777 هەزار کەسیشی کردووەتە قوربانی./.