ژمارەیەک لە ماڵپەڕی کەناڵ و میدیاکانی سەر بە بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە، لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە داخران، شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بۆ شکستە بەردەوامەکانی لە بەرەی سیاسی، سەربازی و ئابوری دەگەڕێننەوە و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە بێگومان چارەنووسی ئەم شێوازە لە تیرۆریزمی حکومی ئەمریکا تەنیا شکستە و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی واشنتن و بانگەشەی درۆی دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربڕین ئاشکراتر دەکات.
لە سەر ئەم هەنگاوەی ئەمریکا کە بە تیرۆریزمی میدیایی ناسراوە، ئاماژە بە چەند خاڵێک دەدەین:
یەکەم: ئەوەی کە ئەمریکا ماڵپەڕی ئەو کەناڵ و میدیانەی داخستووە کە زیاترین کاریگەرییان لە سەر ڕای گشتی هەبووە.
دووەم: داخستنی ماڵپەڕی ئەو کەناڵ و میدیانە گوزارشت لەوە دەکات کە زیاترین ڕۆڵیان لە ئاشکراکردنی درۆ و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە هەبووە و بەردەوام ڕاستییەکانیان بڵاو کردووەتەوە و ئەمەش دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی توڕە کردووە.
سێهەم: داخستنی ماڵپەڕی ئەو کەناڵ و میدیانە بە واتای کۆتایی هاتنی چالاکییەکانیان نابێت و بە هەر شێوازێک پەیامی خۆیان بە خەڵکی جیهان دەگەێنن.
چوارەم: ئەم هەنگاوەی ئەمریکا کە پێشتریش هەبووە، درۆبوونی بانگەشەی ئەو وڵاتە بۆ دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربڕین ئاشکرا دەکات.
پێنجەم: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە بەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکانی حکومەتی ئەمریکا هەڵوێستی هەبوو و ڕاشکاوانە پەیام و بۆچوونی خۆیی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، بێدەنگی حکومەتی عێراقە لە بەرامبەر داخستنی ماڵپەڕی چەند میدیایەکی گرنگی ئەم وڵاتە.
شەشەم: ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە بێدەنگی حکومەتی بەغدا لە بەرامبەر ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ئەمریکا لە ڕاستیدا بێدەنگبوونە لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق.
حەوتەم: سەرجەم پیلانەکانی ئەمریکا لە دژی بەرەی خۆڕاگری شکستی هێناوە و بە دڵنیاییەوە کە ئەم تیرۆریزمە میدیاییەش چارەنووسی شکست دەبێت.
هەشتەم: ئەمریکا پیلانێکی نوێی لە عێراق بە دەستەوەیە، ئەویش گەڕانەوە و پاڵپشتی و بەهێزکردنی تیرۆریستانە لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق، سوریا و تورکیا، هەر بۆیە پەنای بۆ داخستنی ئەو میدیایانە هێنا کە ڕۆڵیان لە ئاشکراکردنی ئەم پیلانە و گەیاندنی هەواڵی ڕاست و درووست بە خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەت ئەم وڵاتانە هەیە.
لەوە دڵنیاین کە ئەمجارەش ئەمریکا لە پیلانە تیرۆریستییەکانی سوودێک نابینێت و بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە بەردەوام لە گەشە و پێشکەوتنی خۆی بەردەوام دەبێت./.