بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە گرێبەستە هاوبەشەکە لە گەڵ ئیمارات بە گەورەترین گرێبەستی حکومەتی بەغدا بۆ وەبەرهێنانی وزەی پاک هەژمار دەکرێت.
ناوبراو وتی: ئەم گرێبەستە لە گەڵ کۆمپانیای مەسدەری ئیمارات بۆ وەبەرهێنانی 2 هەزار مێگاوات کارەبایە لە وزەی خۆر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
وەزیری نەوتی عێراق هیچ زانیارییەکی لە سەر شوێنەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و هەروەها بڕی پارەی تەەرخانکراو بۆ ئەم مەبەستە ئاشکرا نەکرد.
وتیشی کە عێراق هەوڵ دەدات لە سەدا 20 تا 25 ی وزەی پێویستی لە ڕێگای وزەی پاکەوە بێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، سوهەیل مەزروعی وەزیری وزە و ژێرخانەکانی ئیمارات ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی کەڵک لە سەرجەم توانا تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە وەردەگرێت.
بە پێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەم وڵاتە 19 تا 21 هەزار مێگاوات وەبەرهێنانی کارەبای هەیە، لە کاتێکدا کە پێویستی ئێستای زیاتر لە 30 هەزار مێگاواتە./.