بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهەند عەتابی لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە داخستنی ژمارەیەک ماڵپەڕی سەر بە بەرەی خۆڕاگری لە لایەن ئەمریکاوە، وتی: ئەوەی کە وەزارەتی دادی ئەمریکا کردوویەتی جێی سەرسوڕمان نییە، وەزارەتی دادی ئەمریکا تێڕوانینی پێچەوانەی خۆیی پێ قبووڵ ناکرێت و ئەمەش هەمان دیمۆکراسیەتی ئەمریکایە کە بانگەشەی بۆ دەکات.
ناوبراو وتی: ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات درۆ و بە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکانە و لە ڕاستیدا دەیەوێت بە زۆر کۆنتڕۆڵی کارەکان بکات.
عەتابی وتی: بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی ئەمریکا داخستنی ئەو کەناڵ و ماڵپەڕانەیە کە گوزارشت لە تێڕوانینێکی سیاسی، ئایدۆلۆژیا و بنەماکانی بەرەی خۆڕاگری دەکەن، ئەوەی کە ئەمریکا جێبەجێی کردووە ڕەتدەکرێتەوە و جیهان دەبێت لەم مەترسییە ئاگادار بێت.
ئەم سیاسەتمەدارە عێراقییە وتی: ئەم کەناڵ و میدیانە دەگەڕێنەوە و پەیامی ئەوان دیسانەوە بە خەڵکی جیهان دەگات، بەڵام ئەوەی کە بۆ خەڵکی جیهان ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە بڕیارەکەی ئەمریکا و بانگەشەی ئەم وڵاتە لە سەر ئازادی ڕادەربڕین و دیمۆکراسی، درۆ و بێ بنەمایە و کاتێک بەرژەوەندییەکانی لە لایەن ئەم میدیایانەوە زیانی پێدەگات هەوڵی داخستن و بێدەنگ کردنیان دەدات.
وتیشی کە ئەم هەنگاوە لە زیانی ئەمریکا دەبێت و لە سەر ئاستی جیهان ئیدانە دەکرێت، بە تایبەت ئەوەی کە ئەمریکا بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانەکانی بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە لە دەست داوە و پاڵپشتی لەم بڕیار و کردەوانەی واشنتن ناکرێت.
مەهەند عەتابی لە کۆتاییدا وتی: ئەوەی کە دەتوانین بیڵێین ئەوەیە کە سنوردارکردنی چالاکی میدیاکان کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر گەیاندنی پەیامی ڕاستی بە خەڵکی جیهان، ئەوەی کە خەڵکی ئەمریکا بزانن وڵاتەکەیان بە هۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارنیەوە و تاوان و دەسدرێژی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە زیانی زۆری پێگەیشتووە./.