بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باقر جەبر زۆبەیدی لە شرۆڤەی ڕووداوەکانی ئەفغانستان و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکانی ئەم وڵاتە لە لایەن گرووپی تاڵیبانەوە، وتی کە ئەم ڕووداوانە و بەهێزبوونی تاڵیبان بە واتای کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ناوبراو لە نووسینێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەک ڕاگەیاندنی فەرمی گەڕانەوەی تاڵیبان و قاعیدەیە بۆ گۆڕەپانی جیهانی.
زۆبەیدی وتی کە شکستی گەورەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا بووەتە هۆی ئەوەی کە لایەنگرانی ئەوان پەیوەندی بە جیلی یەکەمی تیرۆریزمەوە بکەن.
وتیشی: هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان توانای پڕکردنەوەی بۆشایی نەمانی هێزە بیانییەکانیان نییە و بەشێکی زۆر لەوان تەنانەت بە بێ هیچ بەرگرییەک خۆیان ڕادەستی تاڵیبان کردووە.
بە بۆچوونی زۆبەیدی، کەوتنی فاریاب لە نزیک سنورەکانی ئێران و ئەفغانستان بە واتای کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەوەی بە کردەوە بینراوە، کەوتنی شارەکان لە لایەن تاڵیبانەوە نییە بەڵکوو ڕادەستکردنەوەیانە بەو گرووپە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە./.