بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین حەتیت شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری سەربازی و ستراتیژی ناوچەکە لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی پرێس تیڤی ئێرانی سەبارەت بە داخستنی ماڵپەڕەکانی بەرەی خۆڕاگری لە لایەن واشنتنەوە، وتی: بە داخستنی ماڵپەڕەکانی 21 کەناڵی لایەنگری بەرەی خۆڕاگری، ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی نوێی ڕوبەڕوبونەوەی ئەم بەرەیە، ئەمەش لە پاش دابەزینی ئاستی بەشداری سەربازی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گوزارشت لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی تایبەت دەکات کە پێویستی بە زانیاری، وشیاری و ئامادەیی هەیە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم هەنگاوە، وتی: ئەمریکا چووەتە دانوستانێکی قورسەوە لە گەڵ ئێران و خۆی بە ناچار لە بەرامبەر قبووڵکردنی مەرجەکانی ئێراندا دەبینێت، هەر بۆیە دەیەوێت شکستەکانی لەبیر بباتەوە و بە هەڵمەتێکی دوژمنایەتی میدیایی، ئێران و جیهان بەمەوە سەرقاڵ بکات.
ئەم شرۆڤەکارە باڵایەی کاروباری ناوچەکە وتی: ئەم سیناریۆیەش چارەنووسی شکست دەبێت و لە شکستەکانی ئەمریکا لە یەمەن و عێراق و سوریا تا ئەفغانستان زیاد دەکرێت.
ئەمین حەتیت وتی: ئەمریکا بە داخستنی میدیاکانی بەرەی خۆڕاگری هەوڵی ئەوە دەدات کە ڕاستییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە و جیهان ڕوون نەبێتەوە، من پێم وایە کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکاش بە شکست دەگات و بە پێی پەیوەندییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و بوونی میدیاکانی جێگرەوە بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان، واسنتن بە ئامانجەکانی ناگات.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پێچەوانەی بانگەشەکانی بۆ ئازادی ڕادەربڕین نییە، وتی: بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بە ئازادی، دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربڕین درۆ و دوڕووییە و هەموومان دەزانین کە سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی دیمۆکراسیەتێکی لەرزۆکی هەیە.
حەتیت وتی: لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ ئازادییەک بۆ ئەو کەسانە نییە کە ڕوبەڕوی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە دەبنەوە، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە ڕاستی تاوانەکان و کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەوان ئاشکرا دەکەن، ئەمریکا ڕاستە کە قسە دەکات بەڵام هەموو کات پێچەوانەی هەڵسووکەوتی کردووە، ئەوانەش کە وا دەزانن ئەمریکا لایەنگری ماف و یاسایە، لە هەڵەیەکی گەورەدان.
شارەزای کاروباری ستراتیژی ناوچەکە سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم شەڕە نوێیەش، وتی: پێم وایە کە ئەمریکا لە پاش دابەزینی ئاستی ئامادەبوونی سەربازیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕێکی چەند لایەنە لە دژی بەرەی خۆڕاگری بەڕێدەخات. یەکێک لەو شەڕانەش شەڕی دەروونییە بە ئامانجی ئاژاوەگێڕی و هەڵگیرسانی شەڕی ئابوری و ئامانجەکەشی ڕێگرییە لە پێشکەوتن و وەبەرهێنان. هەروەها گوشاری میدیایی بە تایبەت لە ڕێگای میدیا بەکرێگیراوەکانەوە لە دژی بەرەی خۆڕاگری زیاد دەکرێت، ئامانجی ئەمەش لاوازکردنی متمانە و سەقامگیرییە لە وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری کە ئەمەش پێویستی بە زانیاری و ووشیاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیلانگێڕییەکانی دوژمن هەیە، کاردانەوە و لێکەوتەکانی ئەم شەڕە نوێیە بەندە بە ووشیاری بەرەی خۆڕاگری و خەڵکەکەی.
ئەمین حەتیت وتی کە ئەمریکا ناگاتە ئامانجەکانی خۆی، بە تایبەت ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەوەی سەلماندووە کە ئەمریکا لە گەیشتن بە ئامانجی سیاسەتەکانی شکستی هێناوە.
وتیشی کە بەرەی خۆڕاگری خاوەنی ئەزموون، ئیرادە و هێزی بڕیاردان و زانیارییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پیلانە ناپاکە./.