بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی الشرق الاوسط لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق نزیکەی یەک مانگ و نیوی دیکە سەردانی ئێران دەکات.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە سەردانەکەی کازمی نزیکەی 45 ڕۆژی دیکە و لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشتر بە تەلەفوون پیرۆزبایی سەرکەوتنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێرانی کرد و هەر لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەشدا بە فەرمی بانگهێشتی تاران کرا.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە کازمی پەیامی نوێی لە تارانەوە پێگەیشتووە کە دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەی ململانێی گرووپە سەربازییەکان لە گەڵ ناوبراو لە عێراق.
هەر بە وتەی سەرچاوەکە، حکومەتی عێراق بەوە گەیشتووە کە بە هاتنەسەرکاری ڕەئیسی، هاوکێشەی هێز و دەسەڵات لە ئێران گۆڕانکاریی بە سەردا دێت و هەماهەنگییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیش ئاسانتر دەبێت.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بەڵێنی ئەوەیان بە کازمی داوە کە موڵەتی دووبارەکردنەوەی ڕووداوەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا لە لایەن چەند گرووپێکی سەربازییەوە نادەن./.