بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کاردانەوەی بەرامبەر بە سڕینەوەی ناوی سعوودیە و ئیسرائیل لە لیستی ڕەشی پێشێلکارانی مافی منداڵان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وتی: درووشمە درۆکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ خەڵکی جیهان ئاشکراتر دەبێت.
ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە داخستنی ژمارەیەک لە ماڵپەڕەکانی سەر بە بەرەی خۆڕاگری دا و وتی: ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پیشان دەدات کە ئەم وڵاتە لە پاش شکستی لە گۆڕەپانی شەڕ و بواری سەربازی، لە بەرامبەر بەرەی خۆڕاگری پەنای بۆ بواری میدیایی هێناوە و ئەمەش دیسانەوە هەمان شکستە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی و میدیاکانی خۆڕاگری بەردەوام پیلانگێڕییەکانی ئەوان لە ناوچەکە ئاشکرا دەکەن.
خزعەلی هەروەها وتی کە بەریتانیا ڕۆڵێکی مەترسیدار و پیلانگێڕ لە عێراق دەگێڕێت./.