بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە لایەن گەلی ئێرانەوە، وتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و دراوسێیەکی گرنگ دەزانین، پەیوەندییەکی مێژووییمان لە گەڵ ئەم وڵاتە هەیە، هەموومان دەزانین ئێران سنورێکی دوور و درێژی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
ناوبراو وتی: خاڵێکی گرنگی دیکە، ئەوەی کە ئێمە بەشێکین لە عێراق و عێراقیش پەیوەندییەکی زۆر باشی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، لە بەر ئەم خاڵانە لە هەر ڕوویەکەوە سەیر دەکرێت ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و بازرگانییەوە. لە سەر ئەم بنەمایەش ئێمە هەوڵمان داوە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەم وڵاتە لە سەر بنەمایەکی درووست بێت، پەیوەندییەک بێت کە ڕەچاوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، بە تایبەت ئەوەی کە ئێمە دەزانین ئێستا عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەروازەیەکی گرنگی بازرگانییە بۆ ئێران، هەوڵی ئەوەش دەدەین بە هاتنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران پەیوەندییەکان ببەینە قۆناغێکی باشتر لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا وتی: چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر بدات، بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان سەقامگیریی هەبێت، لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە.
سیوەیلی وتی: لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی درووست ببێت، بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نییە، لە بەر ئەمەش چاوەڕوان دەکەین و هیواخوازین کە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا لە بەرچاو بگرێت لە سەر بنەمای ئەوەش لێرە بە دوا مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت./.