بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی براون پیشان دەدات کە ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە ساڵی 2001 تا ئێستا پەنایان بۆ خۆکوژی کردووە زیاترە لە 30 هەزار کەس.
ئەنجامی توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە زیاتربوونی بەشداری سەربازی ئەمریکا لە پاش ڕووداوەکەی 11 ی سپتمبێر لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە کە 30 هەزار و 177 سەربازی ئەو وڵاتە پەنا بۆ خۆکوژی ببەن.
توماس هاوارد توێژەری ئەم توێژینەوەیە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی قوربانیانی خۆکوژی لە نێو سەربازە ئەمریکییەکان تا ساڵی 2001 تەنیا 7 هەزار و 57 کەس بووە.
توێژینەوەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ژمارەی قوربانیانی خۆکوژی لە نێو هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەمەش زیاتر بێت لە بەر ئەوەی کە ئەم ئامارە هێزەکانی یەدەک و هێزەکانی گاردی نیشتمانیی لە خۆ نەگرتووە.
لەم توێژینەوەدا هاتووە، لە کاتێکدا کە شەڕی ئەفغانستان بەرەو کۆتایی دەڕوات خۆکوژی لە نێو هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.
کوژراوانی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2007 بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی بەڵام ئەم ژمارەیە بە خۆکوژی سەربازە ئەمریکییەکان لە ساڵی 2012 گەیشتە لوتکەی خۆی. سێ ساڵی ڕابردووش خەراپترین ساڵەکان بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕووی خۆکوژییەوە بووە./.