بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆکتۆبەری ساڵی 2018 بوو کە جەمال خاشقچی پاش چوونی بۆ کۆنسووڵخانەی سعوودیە لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا لە لایەن تیمێکی تیرۆریستی نێردراوی ڕیازەوە تیرۆر کرا و تەرمەکەشی بە پێی هەندێک ڕاپۆرتی میدیایی پارچە پارچە کرا.
بەرپرسانی سعوودیە سەرەتا هەر زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی خاشقچی ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە لە بینای کۆنسووڵخانە چووەتە دەرەوە بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە فیلمێکی هاوشێوەکەی خاشقچی بۆ فریودانی ڕای گشتی لە کاتی چوونە دەرەوەی لە کۆنسووڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ بڵاو بووەتەوە.
پاشان بە هۆی گوشارە نێودەوڵەتییەکانەوە سعوودییەکان ڕایانگەیاند کە تیمێک بە بێ هیچ فەرمانی سەرووی خۆیان و بێ ئاگاداریی بەرپرسانی باڵای سعوودیە تیرۆری خاشقچییان جێبەجێ کردووە.
سەرەڕای پڕوپاگەندەی سعوودییەکان، تەنانەت ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاش جەختی لەوە کردەوە کە ئەو تیرۆرە بە ئاگاداری و فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی باڵای ڕیاز بە تایبەت محەممەد بن سەلمان بووە.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە چەندین ئەندامی تیمی تیرۆری خاشقچی لە ئەمریکا مەشق و ڕاهێنانیان پێکرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، کۆمپانیای ئەمنی تایر (Tier Group) لە ئارکانزاس مەشق و ڕاهێنانی بە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو تیمە تیرۆریستییە کردبوو هەرچەندە ئامانج لەو مەشق و ڕاهێنانە باشتر پاراستنی بەرپرسانی سعوودیە بووە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە تیمەکەی سعوودیە پاشان لە ئەمریکا بەشدارییان لە چەندین هەڵمەتی وەک ڕفاندن، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی سعوودی کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە سەر ئەم ڕاپۆرتە ڕایگەیاندووە کە سعوودیە بۆ پاراستنی خۆی ڕوبەڕوی هەڕەشەیەکی زۆر بووەتەوە و واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی خۆیە بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە./.