بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە لە شرۆڤەی سیاسەتی دەرەوەی کابینەی نوێی ئێران بە پێی لێدوانەکانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، وتی: یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو پیشانیدا کە ناوبراو توانایەکی زۆری لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە. وەڵامە بەڵگەیی و پسپۆڕانەکان کە بە پەیامنێرە بیانییەکانی دەدایەوە، پیشان دەدات کە ناوبراو وێڕای ئەوەی کە گرنگی بە سیاسەتی ناوخۆیی دەدات، لە بواری سیاسەتی دەرەوەش بە تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیلانگێڕییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵگری توانایەکی زۆرە.
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو پێویستە لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی سیاسەتێکی شەفافی هەبێت
ئەم شرۆڤەکارەی کاروباری ناوچەکە وتی: سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ئەوەی سەلماند کە شارەزاییەکی زۆری لە سەر پرسە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەورووپی و ناوچەکە هەیە. لە هەمان کاتدا پێدەچێت هەلومەرجەکە بە شێوازێک بێت کە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو ناچارە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی، سیاسەتێکی شەفاف پەیرەو بکات.
هانیزادە وتی: سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران جەختیکردەوە کە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی و بە پاراستنی ئەم ڕێکەوتنە، بەردەوامی ڕەوتی دانوستانەکانی ڤیەننا لە نێوان تاران و وڵاتانی 1+4 ڕەنگە لە گەڵ ئەمریکاش بەردەوام بێت بەڵام بە پێی هەلومەرج و سیاسەتەکانی ئێران و بە مەرجی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئەم ستراتیژەش پەسەند کراوە و لە سیاسەتەکانی داهاتووی حکومەتەکەی ڕەئیسی کاریگەری دەبێت.
وەڵامەکەی ڕەئیسی سەبارەت بە کۆبوونەوە لە گەڵ بایدن ووشیارانە بوو
حەسەن هانیزادە وتی: بەڕێز ڕەئیسی سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا تەنیا بە یەک وشەی نەخێر وەڵامی دایەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری هەبووە و وەڵامێک بۆ لێدوانێکی بایدن بووە کە لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا گەمارۆکانی ئێران هەڵدەگیرێت، کە ئەویش بە نەخێر وەڵامی دابووە. ڕەئیسی بە ووشیارانە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە کۆبوونەوەی بایدنی دایەوە.
ناوبراو سەبارەت بە کاریگەری لێدوانەکانی ڕەئیسی لە سەر دانوستانەکانی ڤیەننا وتی: ئاساییە کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندام لە ڕێکەوتنی ناوەکی گەیشتووەتە قۆناغێکی باش، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامی قبووڵکراویشی لە بەرژەوەندی ئێران دەبێت و لێکدانەوەی ڕاپۆرتەکانیش هەر ئەمە پیشان دەدات و تەنیا کاتی ئەوە ماوە کە ئەنجامی دانوستانەکان بۆ زانیاری دانیشتووانی ئێران و ئەو وڵاتانە بڵاو بکرێتەوە.
هانیزادە وتی: ئەم دانوستانانە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو و وڵاتانی 1+4 بەو ئەنجامە گەیشتن کە ناتوانن لە ڕێگای گەمارۆ و ڕوبەڕوبونەوە لە گەڵ ئێران بگەنە ئامانجەکانی خۆیان و هەوڵ دەدەن هەڵسووکەوتی دیکەیان لە سەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر لە گەڵ ئێران هەبێت. ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەمریکا بە هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکان بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە کە بە خاڵێکی ئەرێنی لە دانوستانەکانی ڤیەننا دادەنرێت.
سیاسەتی دەرەوەی کابینەکەی حەسەن ڕۆحانی سەرکەوتوو بووە
شرۆڤەکاری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە جیاوازی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: سیاسەتی دەرەوەی ڕۆحانی لە سەر بنەمای هاوکاری و وەرگرتنی ئیمتیازە، بەو مانایە کە یەک ئیمتیاز بدرێت و ئیمتیازێکی دیکە وەربگیرێت و بە پێچەوانەی ئەو ڕەخنانەی کە هەیە، سیاسەتێکی تەواو لە سەر بنەما زانستییەکان بووە.
ناوبراو وتی: گۆڕانکارییەکانی کۆشکی سپی و بە دەسەڵات گەیشتنەوەی ئەو کەسانەی کە ڕۆڵیان لە سەر گەمارۆکانی ئێران هەبووە، پیشاندەری ئەوەیە کە یاسای دارستان بە سەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا زاڵە و حکومەتی ڕۆحانیش لە سەر ئەمە نابێت هێندە بە تاوانبار ناو ببرێت.
هانیزادە وتی: ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە دەبێت شێوازێکی دیکەش لە هاوکاری و پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیرەو بکرێت و تەنیا بە پێکەنین ناکرێت درێژە بەو پەیوەندییانە بدرێت، دەبێت بە پێی پێگە و هێزی ئێران مامەڵە لە گەڵ ئەوان بکرێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیان بە ڕێژەیەکی زۆر بەسراوەی ئەمریکان و ناتوانن لە دەرەوەی ئیرادەی ئەمریکییەکان سەبارەت بە ئێران بڕیار بدەن.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت بزانن کە بە سەپاندنی گوشار ناتوانن گەلی ئێران لە ئیرادەی خۆیان پاشگەز بکەنەوە، سیاسەتی دەرەوەی ڕەئیسی پشت بە هێز و پێگەی ئێران دەبەستێت، گەلی ئێران، گەلێکی بەهێزن و لە هەر هەلومەرجێکدا خۆیان لە بەرامبەر گوشار و هەڕەشە دەرەکییەکان بە دەستەوە نادەن.
شرۆڤەکاری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: ڕەئیسی کەڵک لەم سیاسەتە وەردەگرێت و بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران و پێگەی ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرەوە بە تەواوی لە بەرچاو دەگرێت./.