بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ناوەندی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ عێراق و سوریا، پارێزگاری هەڵەبجە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قایمقامی ناوەندی سلێمانی، بەڕێوەبەری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەرانی هەر دوو خاڵی سنوری باشماخ و پەروێزخان، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەڕێوەبەرانی دامەزراوە ئابورییەکانی ئەم دوو پارێزگایە و ژمارەیەک لە بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری هەرێمی کوردستان لە شوێنی پێشانگا هەمیشەییەکانی سلێمانی، دووەم پێشانگای تایبەتی بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی کرایەوە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم:
پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئێران مێژووییە / خەڵکی هەرێم پێشوازی لە کاڵای ئێرانی دەکەن
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا کە لە میدیاکانی هەرێم بڵاو دەکرایەوە، بە ئاماژە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و پێشوازی خەڵکی هەرێم لە کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران بە هۆی پەیوەندی نزیکی کەلتوری و ڕۆشنبیری، داوای بەردەوامی بەڕێوەچوونی پێشانگاکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی کۆمپانیا بەتواناکانی ئەم وڵاتەی کرد.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی:
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران گەشەپێدانی پەیوەندییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، ستراتیژی ئێرانی بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق ناو برد و جەختی لە سەر پێگەی هەرێمی کوردستان لەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەدا کردەوە و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیی لە گەڵ هەرێم لە ڕووی ئابوری و بازرگانییەوە گرنگ نرخاند.
ناوبراو وتی: بەڕێوەچوونی دووەم پێشانگای بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە پێناو بەشداری و ئامادەبوونی کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتەیە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئاسانکاری بۆ پەیوەندی نێوان بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری هەر دوو لایە.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە درێژەدا وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوەندی بازرگانی و پێشانگای هەمیشەیی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئێران لە شاری سلێمانی بە بەشداری 100 کۆمپانیا و براندی بەناوبانگ بە تایبەت 30 کۆمپانیای زانستی دەکرێتەوە.
پاش ڕێوڕەسمی کردنەوەی فەرمی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و سەرکۆنسووڵی ئێران ژمارەیەک لە ژوورەکانی ئەم پێشانگایەیان بە سەر کردەوە.
دووەم پێشانگای تایبەتی بازرگانی ئێران لە شاری سلێمانی بە بەشداری 120 کۆمپانیای ناسراوی ئەم وڵاتە لە 10 گرووپی کاڵایی بۆ ماوەی 5 ڕۆژ درێژەی دەبێت.