بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆی لە تاران کە بە ئامادەبوونی دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەچوو، وتی: بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە سەرەڕای دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دوژمنایەتی زۆر و شەڕی دەروونی دوژمنان و هەندێک گلە و ڕەخنە لە دۆخی ئابوری، هەڵگری پەیامێکی گرنگ بوو کە خەڵک بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی لە ڕێبەری و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
ناوبراو وتی: سیاسەتی ناوخۆیی ئێمە باشترکردنی دۆخی کار و بژێوی ژیانی خەڵکە و لەم کابینەیەش ڕوبەڕوی گەندەڵی بە شێوازە جۆربەجۆرەکانی دەبینەوە.
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی وتی: موڵەتی ئەوە نادەین کە دانوستانەکانی ڤیەننا لە پێناو دانوستان بێت و دەبێت ئەنجامێکی هەبێت و هەوڵ دەدەین دەسکەوتێکمان بۆ گەلی ئێران هەبێت و لە هەوڵەکانیش بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان و تاقیکردنەوەی ڕاستییەکانی هەر بەڵێنێکی ئەمریکا بەردەوام دەبین.
ڕەئیسی وتی: ئەمریکا ڕێکەوتنی ناوەکیی پێشێل کردووە و وڵاتانی ئەورووپیش پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون، کابینەی نوێی ئێرانیش بە ڕێکەوتنی ناوەکی دەستیپێنەکردووە کە بەم ڕێکەوتنە کۆتایی بێت.
براوەی هەڵبژاردنەکانی ئێران هەروەها وتی: ئەمریکا دەبێت واز لە سیاسەتی سزادان بێنێت و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانیش لە ڕیزی کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێمە دەبێت.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا وتی: ئەگەر لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە پێکهێنەر و پاڵپشتیکاری گرووپی تیرۆریستی داعش بوون، جیهان بە ئاشتی و سەقامگیری دەگات.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی کە تەنانەت لە پاش هەڵگرتنی گەمارۆکانیش ئامادە نیم لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆببمەوە.
ڕاشیگەیاند کە وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزارانی ناوخۆیی و بیانی بزانن کە ئەمڕۆ ئێران سەقامگیرترین وڵاتە بۆ کاری وەبەرهێنان و حکومەت ئەمەش دەستەبەر دەکات./.