کامیل مەحمود چاودێر و شرۆڤەکاری سیاسی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران و سەرکەوتنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئەم وڵاتە، وتی: ئێران حکومەتێکی دامەزراوەیی و پشت بە پلان و ستراتیژیەتی خۆی دەبەستێت و گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە زۆر بە کەمی ڕوو دەدات.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: کورد زۆرترین نزیکایەتیی لە ڕووی ژیاری و نەژادیەوە لە گەڵ گەلانی ئێران هەیە، مێژوو، شارستانیەت، زمان و کەلتورێکی هاوبەش بووەتە هۆی هەبوونی پەیوەندییەکی نزیکی نێوان کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران. هەر ئەمەش وایکردووە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باش و بەهێز بێت.
دەقی وتووێژی جام کوردی لە گەڵ کامیل مەحمود لە درێژەدا هاتووە:
بە بۆچوونی ئێوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران و سەرکەوتنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی هەڵگری چ پەیامێک بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەبێت؟
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە بەرەی پارێزگارانی شۆڕش و نزیک لە ڕێبەری ئەم وڵاتەیە، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشەوەی هەر بەرژەوەندییەکی دیکە دادەنێت، ڕەنگە تا ڕادەیەک ئەو نەرمییەی حەسەن ڕۆحانی لە سیاسەتی دەرەوەدا نەمێنێت، لە بەر ئەوەی کە ڕەئیسی پێی وایە کێشە و گرفتەکانی ئێران بە ڕێکەوتن و سازشتی دەرەکی چارەسەر نابێت و دەبێت لە ناوخۆدا چارەسەر بکرێت. سەرەڕای ئەمەش لە ساڵانی داهاتوودا خولی سەرۆکایەتی ناوبراو دیپلۆماسیەت و وتووێژی سیاسیی لە سەر ئاستی ناوچەکە بە دواوە دەبێت، سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش بە بۆچوونی من گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕوو نادات لە بەر ئەوەی کە هەرێم بەشێکە لە عێراق و پەیوەندییەکانی تاران و بەغداش لە ئاستێکی باڵادایە.
ئایا گواستنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری ئێران لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵوێست و پەیامی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دۆسیەی گەلانی چەوساوە و دۆزی ڕەوای گەلانی ناوچەکە و جیهان؟
ئێران دەوڵەتێکی دامەزراوەییە و پشت بە پلان و ستراتیژیەتی خۆی دەبەستێت، گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە زۆر بە کەمی ڕوو دەدات، ڕەنگە لێدوان و ئەدای سەرۆکێک لەوی دیکە جیاواز بێت بەڵام بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بابەتێکی نەگۆڕە. بۆ نموونە، کورد تا لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە و سنورەکانی لە گەڵ ئەم وڵاتە سەقامگیر و پارێزراو بێت، هەماهەنگییەکانی نێوان تاران و هەولێر زیاتر دەبێت.
گەلانی ئێران بە تایبەت فارس خۆیان بە خاوەن کەلتورێکی هاوبەش لە گەڵ کورد دەزانن. ئایا لە خولی سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی پێشبینی بەرەوپێشچوونی زیاتر لە پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
کورد زۆرترین نزیکایەتیی لە ڕووی ژیاری و نەژادیەوە لە گەڵ گەلانی ئێران هەیە، مێژوو، شارستانیەت، زمان و کەلتورێکی هاوبەش بووەتە هۆی هەبوونی پەیوەندییەکی نزیکی نێوان کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران. هەر ئەمەش وایکردووە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باش و بەهێز بێت.
لەوانەیە هەر بەرەوپێشچوونێک لە سەر بنەمای وتووێژی نێوان هەولێر و بەغدا بێت کە تا ئێستاش بەردەوامە. چەندین پرسی وەک مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دۆسیەکانی سوریا، دەسدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کێشەی پەکەکە و …. کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، کاریگەریشی لە سەر هەرێم دەبێت، هەر بۆیە کۆی گشتی بابەتەکان وا دەکات کە ڕێکەوتن و هەماهەنگی لە نێوان هەر دوو لادا هەبێت.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد