بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تالب حوسێنی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق ڕایگەیاند کە درێژایی هێڵی ئاسنی ئەم وڵاتە بە گشتی 2 هەزار کیلۆمەترە کە تەنیا 600 کیلۆمەتری چالاکە و ئەوی دیکەی بە هۆی کۆنبوون یان ئاسەواری شەڕی دەیەکانی ڕابردوو زیانی بەرکەوتووە و لەناوچووە.
ناوبراو وتی کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم ڕێگایە و گەشەپێدانی پێویست بە بودجەیەکی زۆر دەکات کە لە توانای وەزارەتی گواستنەوەدا نییە.
حوسێنی جەختیکردەەوە کە کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق تەنیا زیان دەکات و بۆ ئەمەش ناتوانێت بە پشت بەستن بە داهاتەکانی، پرۆژەکان جێبەجێ بکات.
پێشتریش دەزگای ئاماری عێراق ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ گەشتە ناوخۆییەکان کەڵک لە هێڵی ئاسن وەردەگرن لە 435 هەزاری ساڵی 2019 گەیشتووەتە 77 هەزار کەسی ساڵی 2020، واتە لە سەدا 82 دابەزیوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژەی ئەو کاڵایانەش لە ڕێگای هێڵی ئاسنەوە گواستراوەتەوە، لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 1293 تەن کە بەراورد بە ساڵی پێشتری لە سەدا 247 بەرز بووەتەوە./.