ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ساڵانێکە دەیان پرۆژەیان بۆ پیلانگێڕی لە دژی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کردووە، ئەوان لەم پێناوەدا پەنایان بۆ سەرجەم نەیاران و ناحەزانی کۆماری ئیسلامی بردووە، لە پاشماوەکانی ڕژێمی شا، گرووپەکانی دژبەری شۆڕش، مونافقەکان و لایەنەکانی دیکە. هاوکات شەڕێکی گەورەی دەروونی و ئەلیکترۆنییان لە دژی ئێران دەستپێکرد تا خەڵکی ئەم وڵاتە لە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە پاشگەز بکەنەوە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانی شەرعییەت بکەنەوە.
هاوپەیمانی سێقۆڵی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و ڕژێمە عەرەبییە شوێنکەوتووەکانی ئەوان بیریان لەوە کردەوە کە ڕەنگە ئیرادەی گەلی ئێران بە هۆی تیرۆریزمی ئابوری واشنتن و وڵاتانی ڕۆژئاوا لاواز بووبێت و ئەوان لە ئێستادا ئامادەی جێبەجێکردنی بانگەشە و پڕوپاگەندەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن، بەڵام ئەوەی ڕۆژی هەینی بینرا و بە کردەوە لە ئێران ڕوویدا، ئەوەی سەلماند کە گەلی ئەم وڵاتە گەورەتر لەوەن بکەونە چوارچێوەی ئەم پرۆژە و پیلانگێڕییە شکستخواردووە و بە ئامادەبوونیان لە ناوەندەکانی دەنگدان پەیامێکی گەورەی ڕەتکردنەوەی ئەمریکایان گەیاندە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی و هاوکات پەیمانی خۆیان لە گەڵ ڕێبەر و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران نوێ کردەوە.
بەشداری کەم وێنەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کە لە کاتژمێر 7 ی بەیانی ڕۆژی هەینی تا کاتژمێر 2 ی شەو درێژەی هەبوو، دۆستان و دوژمنانی تووشی سەرسوڕمان کرد. ئەم حەماسەتە خوڵقا تا جەخت لەوە ڕاستییە بکاتەوە کە گەلی ئێران بە وشیاری تەواو ئاگایان لە سەرجەم پیلانگێڕی دوژمنان هەیە و دڵنیان کە وڵاتەکەیان مەترسی ئەو پیلان و دوژمنایەتییەی واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە سەرە و بە ئامادەبوونی خۆیان لە ناوەندەکانی دەنگدان، پیلانەکانی دوژمنانیان پووچەڵ کردەوە.
ئامانجی ئەمریکا لە تیرۆریزمی ئابوری لە دژی گەلی ئێران و بێبەشکردنی ئەم گەلە تەنانەت لە ڤاکسێنی کۆرۆنا، گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی تاران نەبووە، بەڵکوو ئامانجی یەکەم و کۆتایی ئەم سیاسەتە تیرۆریستییەکی ئەمریکا، لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک و بێ هیواکردنی ئەوان و لە ئاکامدا خۆبەدەستەوەدانیان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی واشنتن بووە.
ئەمریکا چاوەڕێی ئەوەی دەکرد کە گەلی ئێران لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان ئاڵای سپی بەرز بکەنەوە و ناوەندەکانی دەنگدان چۆڵ بێت، بەڵام ئەوەی بینرا دووبارەکردنەوەی حەماسەتەکانی گەلی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بووە، بەشداری زۆرینەی خەڵک و قەرەباڵغیی ناوەندەکانی دەنگدان و درێژکردنەوەی بەردەوامی ماوەی دەنگدان.
ئەوەی دەبێتە هۆی جیابوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە لەوانەی ڕابردوو، ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە لە سەردەمی قورسترین گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی ئەمریکا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی و هەروەها یەکگرتنی ئەورووپا لە گەڵ ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران بووە. لە لایەکی دیکەوە، حەماسەتەکەی ئەمجارەی گەلی ئێران وەڵامی پەیامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بووە، دوژمنان خۆیان دەزانن کە بەشداری لەم هەڵبژاردنانە بە ئازادانە و بە دوور لە هەر گوشارێک بووە./.