بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاشم ئەلکەندی شارەزا و شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، وتی: هەڵبژاردنەکانی ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە لە جیهان و گرنگییەکەی لە ناوچەکە و دەرەوە، کەمتر لە گرنگی هەڵبژاردنەکان لە ناوخۆی ئێران نییە.
ناوبراو وتی: ڕۆژی هەینی خەڵکی ئێران حەماسەتێکی دیکەیان خوڵقاند و وانەیەکیان بە جیهاندا کە ئەوان جارێکی دیکە جەختیان لە سەر یەکڕیزی خۆیان لە گەڵ ڕێبەری باڵای ئەم وڵاتە کردووەتەوە و وانەی ئەوەشیان داوەتە جیهان کە واز لەم شۆڕشە و ڕێبەرە گەورەکەی ناهێنن.
ئەلکەندی وتی: ئەم هەڵبژاردنانە لە هەلومەرجی ڕوبەڕوبونەوە و شکستی پیلانەکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران و سەپاندنی قورسترین سزا ئابورییەکان بووە، واتە هەڵبژاردنەکان ئەوەی سەلماندووە کە خەڵک سەرەڕای کێشە ئابورییەکان هێشتا لە گۆڕەپانی بەرگری لە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەن.
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە لە درێژەدا وتی: هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران لە بنەڕەتدا پەیامێک بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ناوەڕۆکی پەیامەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاش زیاتر لە چوار دەیە و سەرەڕای سەرجەم پیلان و گەمارۆکان، هێشتا بڕوای بە دەنگ و بۆچوونی خەڵک و هەڵبژاردنی ئەوان هەیە.
وتیشی: هەلومەرج و دۆخی ساڵانی ڕابردووی ئێران، لە سەرجەم بوار و ئاستەکاندا، بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام، نەبووە هۆی ئەوەی کە گەلی ئێران و ڕێبەری ئەم وڵاتە بژاردەی هەڵبژاردنەکان و بەشداری خەڵک بە لاوە بنێن و ئەمجارەش لە سەردەمی قورسترین گەمارۆکان هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەچوو.
هاشم ئەلکەندی وتی: ئەم بەشدارییە بە تایبەت پەیامی بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیە کە هەرچی گەمارۆ و سزا ئابورییەکان زیاتر بکەن، دیسانەوە ناتوانن گەلی ئێران ملکەچی داواکارییە ناڕەوا و نایاساییەکانی خۆیان بکەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: سەرەڕای هەموو گوشار و گەمارۆکان و ئەو پیلانگێڕی و نەخشانەی دوژمنانی ئێران، گەلی ئەم وڵاتە سەرکەوتوو بوون و بەم هەڵبژاردنانەش شکستی دوژمنانیان لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی موسڵمانی ئێران ڕاگەیاند./.