بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەباح زەنگەنە شارەزای سیاسی کاروباری ناوچەکە سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوری عێراق، بە ئاماژە بە هەماهەنگی بەردەوامی ئەنکەرە و واشنتن، وتی: ئەوەی کە تورکیا تا ئێستا لە باکوری عێراق و خاکی هەرێمی کوردستان کردوویەتی زیاتر لەوەیە کە لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە. سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان خاکی بەزاندووە و خاوەنی بنکەی سەربازی و هەواڵگرییە، هەندێک لەو بنکە سەربازییانە هەمیشەیی و هەندێکی دیکە کاتییە، هەروەها تورکیا بنکەی تایبەت بە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی لەم ناوچەیەش کردووەتەوە و تۆپخانەی سوپای ئەو وڵاتەش لە ناوچەکە جێگیر بووە. بە تێڕوانینێک لە سەر ئەم ڕێژە لە چەک و پێداویستی سەربازی و جێگیربوونی هێزەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنوری تورکیا بەو ئەنجامە دەگەین کە ئەوان بڕیارە بۆ ماوەیەک بمێننەوە و چەندین پلانی سەربازی لە ناوچەکە جێبەجێ بکەن.
ناوبراو وتی: تورکیا وەک هەمیشە پەکەکەی کردووەتە بیانووی هاتنی هێزەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمەش بووەتە هۆی چۆڵکردن و لەناوچوونی ژمارەیەک لە گوندەکانی هەرێم و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی. بەغدا ناڕەزایەتی خۆیی لە سەر کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. لێرەدا چەند کێشەیەکی سەرەکی دەبینرێت، کێشەیەکی گرنگ ئەوەیە کە هیچ ناڕەزایەتییەک لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر بە دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا نابینرێت.
نوێنەری پێشووی ئێران لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی وتی: ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای تورکیا تا قووڵایی 50 کیلۆمەتری هاتووەتە نێو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان. یەکەم کێشە کە بووەتە هۆکاری بەردەوامی ئەم دۆخە لە لایەن تورکیاوە، بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. کێشەی دووەم ئەوەیە کە بەغداش تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگە. کاتێک مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد لە جێی باسکردنی ئەم کێشە گەورەیە، زیاتر باسی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و هەروەها کێشەی ئاوی کرد و بە هیچ شێوازێک پرسی دەستێوەردانە سەربازییەکانی تورکیای لە خاکی عێراق تاوتوێ نەکرد. لەم نێوەندەدا دەبێت بڵێین کە ئەمریکاش لەم دۆسیەدا ڕۆڵی هەیە، ئەوان بە بێدەنگی خۆیان گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرشەکانی تورکیا هەڵکردووە تا بە ئازادی تەواو ئەوەی پێویست بێت جێبەجێی بکەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: هەرێمی کوردستان ئەو شوێنەیە کە چەندین بنکەی سەربازی ئەمریکای تێدایە و لە لایەکی دیکەوە تورکیاش لە ڕێکخراوی ناتۆ هاوپەیمانی ئەمریکایە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە واشنتن ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکات و هەروەها هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانش بدات، بەداخەوە کە لەم نێوەندەدا تەنیا حکومەتی ناوەندی عێراق زیانی پێدەگات، من پێم وایە کە دۆخەکە لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق نییە./.