بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزیرانی کشتووکاڵی عێراق و سوریا سەبارەت بە گەشەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری کشتووکاڵ، یادداشتێکیان واژۆ کرد.
محەممەد کەریم خەفاجی وەزیری کشتووکاڵی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ سوریا و کۆبوونەوە لە گەڵ هاوتاکەی، سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری کشتووکاڵیدا بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری کشتووکاڵی عێراق ئەو یادداشتەی بۆ گەشەپێدانی هاوکارییەکان لە گەڵ محەممەد حەسان وەزیری کشتووکاڵی سوریا واژۆ کرد.
وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ئەم یادداشتە بە ئامانجی گەشەپێدان و پتەوکردنی هاوکارییەکان لە بواری زانستی کشتووکاڵی، وەبەرهێنان، سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتووکاڵ، ئامار، فێرکاری و بەشداریپێکردنی ژنان لە کەرتی کشتووکاڵ بە تایبەت لە گوندەکان واژۆ کراوە.
وەزیری کشتووکاڵی سوریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێت کەڵک لە ئەزموونی عێراق لە بواری وەبەرهێنانی گۆشتی مریشک وەربگرێت، ئەویش لە کاتێکدا کە وەبەرهێنانی وڵاتەکەی لەم بوارەدا لە سەدا 40 تا 50 دابەزیوە./.