بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق، وتی: پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ عێراق لە سەر بنەمایەکی تایبەت بە خۆیە کە وەک ڕابردوو بەردەوام دەبێت، ڕەنگە لە هەندێک قۆناغدا زیاد یان کەم ببێت، بۆ نموونە، لە کاتی ئامادەبوونی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی عێراق حکومەتی ئەو وڵاتە هاوردەی بەرهەمە هاوشێوەکان قەدەغە دەکات، وەک چۆن ئێمەش لە قۆناغێکدا هاوردەی برنج قەدەغە دەکەین، ئەوانیش هەر ئەم سیاسەتەیان هەیە.
ناوبراو وتی: چەندین هۆکار لە دابەزینی ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق کاریگەریی هەیە، بۆ نموونە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یان کێشەی ئێران لە کارەبا کە هەناردەی بۆ عێراق کەمکردەوە، بەڵام بە گشتی دۆخەکە ئاساییە.
ئالی ئێسحاق بە ئاماژە بە گرنگترین کێشە و بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی نێوان ئێران و عێراق، وتی: هەلومەرجی گواستنەوە، کێشەی بانکی، ناسەقامگیری یاساکانی هەر دوو وڵات و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە گرنگترین بەربەست و کێشەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە. لە کەرتی گەشتیاریش زیانێکی گەورە بینراوە، بە شێوازێک کە ساڵانە 3 ملیۆن زیارەتکار لە ئێرانەوە سەردانی عێراقی دەکرد و هێندەی ئەوەش لە عێراقەوە سەردانی ئێرانیان دەکرد و ئێستا بە هۆی کۆرۆناوە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق سەبارەت بە ڕکابەرەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، وتی: چین و تورکیا لە مێژە لە بازاڕی عێراقدان، هەندێک ڕکابەری دیکەش وەک سعوودیە هەیە کە ڕەنگە لە داهاتوودا ببنە جیدی بۆ ئێمە، ئەڵبەت ئێستا نەبووەتە کێشە، بە باشتربوونی دۆخی ئەمنی عێراق، وڵاتانی دیکەش دێنە بازاڕی ئەم وڵاتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئێمە دەتوانین بازاڕی خۆمان لە عێراق بپارێزین، بە مەرجێک کە کوالیتی، نرخ و خزمەتگوزارییەکانی پاش فرۆشتن باشتر بکەین، لە جیهانی بازرگانی ڕکابەری هەیە و ئێمە دەبێت بتوانین بە نرخی گونجاو و خزمەتگوزارییەکان ئەم بازاڕە بپارێزین./.