بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤیکتۆریا ئابرام چینکۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند: هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان بە هەموو هێزێکەوە بەردەوامە و تا کۆتایی ساڵی 2021 دەگاتە 30 ملیار دۆلار.
ناوبراو وتی: سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە سەرەتا پێداویستییەکانی ناوخۆی ڕووسیا دابین بکەین و پاشان بەرهەمی زیادە ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە بکەین.
جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا وتی: ڕووسیا دەتوانێت بوونی خۆی لە بازاڕەکانی کیشوەری ئاسیا بەهێزتر بکات.
وتیشی کە لەم کەرتەدا دەتوانین بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەوە 400 هەزار هەلی کار دابین بکەین.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتووکاڵی ڕووسیا، بە هۆی زیاتربوونی هاوردەی وڵاتانی چین و تورکیاوە، ڕێژەی هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ڕووسیا لە سەدا 30 زیادی کردووە. ڕووسیا ساڵی 2020 بڕی 30 ملیار و 658 ملیۆن دۆلار لە هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان داهاتی هەبووە. چین و تورکیا گەورەترین کڕیارانی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ڕووسیان و یەکێتی ئەورووپا، میسر، کۆریای باشور، ئازەربایجان، ئۆکرانیا، پاکستان و چەندین وڵاتی دیکە لە پلەکانی دواترەوە ناویان هاتووە./.