بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش چەندین هەفتە ئامادەکاری، لە ئاکامدا ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا و جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە شاری ژنێڤی سویسرا کۆبوونەوە.
ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ئەوانە لەو کاتەوە کە بایدن گەیشتووەتە دەسەڵاتی کۆشکی سپی لە ئەمریکا.
سەرۆک کۆماری سویسرا پێش ئەو کۆبوونەوە، بە جیا پێشوازیی لە سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا و ئەمریکا کرد و بەخێرهاتنی ئەوانی بۆ شاری ئاشتی کرد.
ڕۆژنامەیەکی سویسرا ڕایگەیاندووە کە شاندەکانی یاوەری پوتین و بایدن لە 800 کەس پێک دێن. نزیکەی 1000 هێزی ئەمنی و 900 ئەندامی پۆلیس ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی شارەکەیان لە کاتی کۆبوونەوەکەی پوتین و بایدن لە ئەستۆ گرتووە. زیاتر لە 3 هەزار پەیامنێر و وێنەهەڵگریش ڕووماڵی کۆبوونەوەکەیان کردووە.
هێزی ئاسمانی سویسرا بە هاوکاری هێزی ئاسمانی فەرەنسا و ئیتالیا لە نزیکەوە پاراستنی هەرێمی ئاسمانی شاری ژنێڤی لە ئەستۆ گرتووە. هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە نزیک ڤێلای کۆبوونەوەکە جێگیر کراوە./.