بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەلال حوسێن زۆبعی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراق، وتی: هەڵبژاردنەکان تەنیا ئامرازی ڕەوایەتی سیستەمی سیاسی عێراقە.
ناوبراو وتی: عێراق ڕوبەڕوی کۆمەڵە کێشە و قەیرانێک بووەتەوە، بوونی تیرۆریستانیش لە گەڵ قەیرانە سیاسی و دارایی و ناوچەییەکان وایکردووە کە دۆخی عێراق تووشی کاریگەرییەکی بەرچاو بێت.
زۆبعی وتی: هەڵبژاردنەکان بە تەنیا ڕێگای بونیادنانەوەی دەسەڵات و سەروەری عێراق و گەڕانەوەی پێگەی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەزانین.
وتیشی: لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز عێراق دەتوانێت ڕێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی خۆی بکات، کاتێک حکومەتێکی بەهێز هەبێت کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەبێت بە ئاسانی دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق بپارێزێت.
تەلال حوسێن زۆبعی سەبارەت بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی: بێ گومان کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا یەکێک لە لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانە و دەتوانین باس لە توانا و کارامەیی خۆمان بۆ ئیدارەدانی داهاتووی عێراق بکەین.
ناوبراو وتی: خەڵکی عێراقن کە بڕیار دەدەن کێ هەڵبژێرن، حکومەتێک کە بتوانێت لە خەمی خەڵکدا بێت و ڕەچاوی بەرژەوەندی و داواکارییەکانی گەل بکات، سنوری تائیفی تێپەڕێنێت و عێراقێکی سەقامگیر لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی بونیاد بنێتەوە.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە شانسی نوری مالیکی بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، وتی: هیوادارین کە گەورەترین فراکسیۆن بین کە مافی پێکهێنانی کابینەمان هەبێت بەڵام پێم وایە کە هیچ فراکسیۆنێک بە تەنیایی ناتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی داهاتوو لە بەرژەوەندی خۆیدا مسۆگەر بکات و بە تەنیایی حکومەت پێک بێنێت./.