بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای بانگەشەی زۆری میدیاکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە ئەنجام و دەسکەوتەکانی ڕێکەوتنی سازشتی ڕژێمە عەرەبییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب، ئێستا دەوترێت کە بە تێپەڕبوونی نزیکەی هەشت مانگ لە واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتنە، بەشێکی زۆری بەڵێنەکان بەو وڵاتانە مسۆگەر نەبووە.
کان نیوز کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی سودان یەک لەو وڵاتانەیە کە لە ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنە ناڕازییە و هەست بە نیگەرانی دەکات.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2020 بوو کە کۆشکی سپی ڕایگەیاند ڕژێمی زایۆنیستی و سودان بە نێوەندگێڕی واشنتن، پەیوەندییەکانیان دەستپێکردووەتەوە.
کان نیوز ڕایگەیاندووە کە سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە سودان چاوەڕوانی ئەوە بووە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب ببێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی کشتووکاڵ و تەکنۆلۆژیا بەڵام وا نەبووە.
سودان هەروەها ڕایگەیاندووە کە لەم هەشت مانگەدا هیچ کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی نەکراوە و تەنیا سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەم ڕژێمە سەردانی سودانی کردووە./.