نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ جام کوردی، ڕایگەیاند کە پێشانگای تایبەتی ئابوری و بازرگانی ئێران لە ڕۆژانی 26 تا 29 ی جۆزەردان بەرامبەر بە 16 تا 19 ی حوزەیرانی 2021 لە ناوەندی پێشانگاکانی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو وتی: ئەم پێشانگایە لە بواری بیناسازی و پێداویستییەکانی بەڕێوە دەچێت و تێیدا 60 کۆمپانیای حکومی و کەرتی تایبەت لە گەڵ چەندین گەورە کۆمپانیای بواری پۆڵا بەشداری دەکەن.
ڕەشنودی وتی: گرووپی ئۆتۆمبێل سازی بەهمەن و گرووپی پیشەسازی موبتەکر لە بواری ئۆتۆمبێل سازی لەم پێشانگایەدا بەشداری دەکەن.
ڕاشیگەیاند کە چەندین کۆمپانیای گەورەش لە بواری کارەبا، بەرهەمە خۆراکییەکان، کەرەستە و پێداویستی بیناسازی، کشتووکاڵی و ئاژەڵ و پەلەوەر و …. لە پێشانگای تایبەتی ئێران لە هەولێر بەشداری دەکەن.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە کۆتاییدا هیوای خواست کە ئەم پێشانگایە بتوانێت ببێتە جێی ڕەزامەندی خەڵک و ئەوانەی سەردانی دەکەن./.