بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە ئەمریکا دەتوانێت متمانە بەم هاوپەیمانەی خۆی لە ڕێکخراوی ناتۆ بکات و تورکیا تەنیا وڵاتێکی متمانەپێکراوە بۆ سەقامگیری لە ئەفغانستان پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوە لە گەڵ بایدن و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا تاوتوێ دەکرێت.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان ئامادە دەبێت و پاش ئەوان تورکیا دەتوانێت یەکەم وڵاتی متمانەپێکراو بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە ئەفغانستان بێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرقاڵی کۆتا قۆناغەکانی کشانەوەیە لە گەڵ هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان، پرۆسەیەک کە بڕیارە تا 11 ی ئەیلول تەواو بێت، 20 ساڵ پاش هێرشی ئەوان بۆ ئەفغانستان و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی تاڵیبان، تورکیا بەردەوام باسی ئامادەیی خۆیی بۆ مانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە و پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول کردووە، ئەم فڕۆکەخانە یەکەمین و گرنگترین ڕێگای هاتووچۆی دیپلۆماتکارانی بیانی و هێزەکانی وڵاتانی دیکەیە.
ئەردۆغان ڕایگەیاند کە بەرپرسانی تورکیا هاوتا ئەمریکییەکانی خۆیان لەم پلانەی ئەنکەرە بۆ مانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکردووە.
تورکیا بە ئاشکرا باسی پلانی خۆیی بۆ مانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان کردووە بەڵام وردەکارییەکانیش ئاشکرا ناکات. بەرپرسێکی تورکیا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان دەتوانن تا کاتێک موڵەتی ئەمنی و بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت لە ئەفغانستان بمێننەوە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، وتی: ئەگەر ناتۆ بیەوێت لە ئەفغانستان بمێنێتەوە دەبێت چ چوارچێوەیەکی بۆ ئەم کارە هەبێت؟ بە ناوی ناتۆ یان هەلومەرجێکی دووقۆڵی. وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت کە تورکیا لە ئەفغانستان بمێنێتەوە و فڕۆکەخانەی کابول بپارێزێت، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت پاڵپشتی نەکرێت بۆ دەبێت تورکیا هەوڵی بۆ بدات؟ ئەم وردەکارییانە دەبێت ڕوون بکرێنەوە.
گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە هێزە بیانییەکان لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ نابێت لە ئەفغانستان بمێننەوە. ڕاشیگەیاندووە کە دابینکردنی ئاسایشی باڵیۆزخانەکان و فڕۆکەخانەکان تەنیا لە ئەستۆی ئەفغانەکانە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە ساڵانی ڕابردوو ئاڵۆز بووە و ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت لە گەڵ بایدن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە. ناوبراو وتی: دەنگۆیەک هەیە، ئێمە دەبێت ئەم قۆناغە تێپەڕ بکەین و سەبارەت بەوەی دەتوانین جێبەجێی بکەین، وتووێژ بکەین، ئێمە دەمانەوێت تێڕوانینی ئەمریکا سەبارەت بەم پرسە ببینین.
پێدەچێت ئەردۆغان بۆ مانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان پشت بە پەیوەندی نزیکی قەتەر و گرووپی تاڵیبان ببەستێت، ئەو گرووپەی کە لە قەتەر نوێنەرایەتی سیاسی هەیە و کاریگەری لە سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە وەردەگرێت./.