بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەباس ئیبراهیم بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی لوبنان ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە بە هاوکاری عێراق ڕێگری لە پەرەسەندنی کێشەی کارەبا و پچڕانی سەرتاسەری لە وڵاتدا دەکات.
ناوبراو وتی کە لەم ماوەیەدا چەندین جار سەردانی عێراقم کردووە و لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کۆبوومەتەوە و سەبارەت بە پێداویستییەکانی لوبنان وتووێژم کردووە.
عەباس ئیبراهیم وتی: مستەفا کازمی بەڵێنی هاوکاریکردنی لوبنانی دا و دەستبەجێ وەزیری نەوتی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرد و لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا جەخت لە سەر ناردنی نەوت بۆ لوبنان کرایەوە.
ناوبراو وتی: لەو کۆبوونەوەدا ئەوەم بۆ مستەفا کازمی ڕوون کردەوە کە 500 هەزار تەن نەوتی خاو کێشەکانی لوبنان چارەسەر ناکات و داواکاری یەک ملیۆن تەنم خستەڕوو کە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش سێ ڕۆژ پاش ئەوە ڕەزامەندیی لە سەر دەربڕی.
بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی لوبنان وتی کە پارەی ئەو نەوتە بە میکانیزمێکی هاوبەشی بانکی ناوەندی لوبنان و عێراق بە حکومەتی بەغدا دەدرێت.
وتیشی کە بەم ڕێکەوتنە ڕێگری لە پچڕانی سەرتاسەری کارەبا لە لوبنان دەکرێت./.