بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئەلمۆنیتۆر، لە کاتی واژۆکردنی ڕێکەوتنی هاوکاری ستراتیژی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین، تاران و پەکین هێندە باسیان نەکردووە و هیچ هەواڵێکی گرنگیش سەبارەت بە ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات لەم بوارەدا بڵاو نەبووەتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکان دەتوانێت پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێرانەوە هەبێت، ئەوەی کە دیار نییە بڕیارەکانی کابینەی نوێی ئێران چۆن دەبێت، سەرەڕای ئەوەی کە وردەکاری زیاتری ئەم ڕێکەوتنە بڵاو نەبووەتەوە، میدیاکانی ئێرانیش هێندە باسیان نەکردووە بەڵام پێدەچێت کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چین بەرەو قۆناغێکی نوێ بڕوات.
لە ئێستادا ئێران هیوای بەوە هەیە کە ببێتە ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای. ئێران لە ساڵی 2005 وەک ئەندامی چاودێر لەم ڕێکخراوە بووە و لە ساڵانی 2008 و 2009 داوای ئەندامێتی کردووە بەڵام سزاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەو کاتەدا لە دژی ئێران ڕاگەێندرابوو، ڕێگریی لەوە دەکرد وەڵامی داواکارییەکەی ئەم وڵاتە بداتەوە.
ئەگەر ئێران بتوانێت ببێتە ئەندامی هەمیشەیی لە ڕێکخراوی شانگهای، هاوکارییە ستراتیژییەکانی لە گەڵ چین بەرەو گۆڕانکاری زیاتر دەڕوات.
بەرپرسێکی تاجیکستان ڕایگەیاندووە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای پرسی ئەندامێتی هەمیشەیی ئێران باس بکرێت و ئەگەر وڵاتانی دیکە ڕەزامەندییان هەبێت، تاجیکستانیش بە ئەرێنییەوە لەم داواکارییەی تاران دەڕوانێت.
ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای، یەکێتییەکی سیاسی، ئابوری و ئەمنی نێوان 8 وڵاتی چین، ڕووسیا، کازاخستان، قڕقیزستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، هیندستان و پاکستانە. هەروەها وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان و بیلاڕووسیاش وەک ئەندامی چاودێر بوون.
لە لایەکی دیکەوە نوێنەرانی چین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت لە دانوستانەکانی ڤیەننا داواکارییەکانی ئێران مسۆگەر ببێت.
چین گرنگی بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران دەدات لە بەر ئەوەی کە بە بەربەستێک لە بەردەم ڕێکەوتنە 25 ساڵەکەی لە گەڵ تاران دەیزانێت./.