بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شیوا قەوامی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێران دا بە ئاماژە کردن بە دوو خولی پێشووی فێستیڤاڵەکە وتی:لە خولی یەکەمدا هونەرمەندانی پارێزگاکانی لوڕستان،ئیلام و کوردستان لە بواری هۆرە و سیاچەمانەدا چەن پارچە مۆسیقایەکیان پێشکەش کرد کە زۆر پێشوازی لێکرا.
شیوا قەوامی هەروەها وتی:ئامانج لەم فێستیڤالە کولتوورییە هەوڵدان بۆ گەشەی کولتووری و پەرەدان بە پەیوەندییە مرۆییەکانی ناوچە کوردنشینەکان و ڕێزگرتن لە گەورەکانی بواری مۆسیقای کوردییە.
کارگێڕی گشتی ڕێکخراوی ڕۆژا ئاماژەی دا ، هەوڵ دەدەین ئەم پرۆژەیە لە ڕۆژژمێری بەرنامەکانی بەشی مۆسیقای وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران تۆمار بکرێت.
قەوامی باسی لە داڕشتنی بەرنامە بۆ بەڕێوە بردنی سێهەمین خولی فیستیڤاڵەکەی لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵی کرد.
قەوامی لە درێژەدا وتی:بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا ئامادە بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و لەم خولەدا جیا لە هونەرمەندانی پارێزگاکانی کوردستان و ئیلام و کرماشان هونەرمەندانی سلێمانی و هەڵەبجەش بەشداردەبن.