بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ ئەگەری نزیکبوونەوەی عێراق لە ڕووسیا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بواری چەک و سەربازی، گۆڤاری بەرگری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئەم تێڕوانینەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقی شرۆڤە کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا لە گەڵ چەند ڕاوێژکارێکی باڵای دەزگا سەربازییەکانی جیهان چاوپێکەوتن کراوە و سەرجەمیان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە عێراق پلانێکی درێژخایەنی بۆ گەیشتن بە چەک و کەرەستەی سەربازی لە ڕێگای وڵاتانی دیکەی جیهانەوە هەیە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە عێراق لەم پێناوەدا بە دوو هۆکار ڕووسیای بە لاوە گرنگە. یەکەم ئەوەی کە لە ڕژێمی پێشووی عێراق سەرجەم چەک و پێداویستییە سەربازییەکان لە ڕێگای ڕووسیاوە دابین دەکرا و بەشێک لەو چەکانە هێشتا لە سیستەمی بەرگری عێراق بەکار دێن، بە تایبەت سیستەمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر و هەروەها کۆپتەرە شەڕکەرەکانی MI24 و بۆ ئەمەش هەماهەنگ کردنی چەکی نوێ و کۆنی ڕووسیا بۆ عێراق بابەتێکی ئاسان دەبێت.
بەدەر لەمەش، پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕووسیا و ئەندامبوونی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وایکردووە کە بە لای عێراقەوە لە ڕکابەرەکانی دیکە گرنگتر بێت.
بە وتەی ئەو شارەزایانە، عێراق لە دوو ئاستدا دەتوانێت چەک لە ڕووسیا بکڕێت، یەکەم، کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسایی کە کێشەی لە گەڵ سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکی و ئەورووپی لە عێراق نەبێت، وەک ئێس 300 و فڕۆکەکانی سوخۆ. دووەم، سیستەمە پێشکەوتووەکانی وەک ئێس 400 کە کێشەی لە گەڵ سیستەمە ئەمریکییەکان دەبێت، ئەگەر عێراق ئەم بژاردە بە کار بێنێت توڕەیی ئەمریکای بە دواوە دەبێت و ئەمەش بە ڕاشکاوانە بە بەرپرسانی حکومەتی بەغدا ڕاگەێندراوە.
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر عێراق سیستەمە پێشکەوتووەکانی ڕووسیا بکڕێت لە لایەن واشنتنەوە سزا دەدرێت.
عێراق لە سەرەتای دەیەی 1970 لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەکە بووە و لە ماوەی سێ دەیە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار چەکی لە ڕووسیا هاوردە کردبوو.
پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵی 2008 و پاش بەخشینی بەشێک لە قەرزەکانی عێراق کە بڕی 13 ملیار دۆلار بوو، دەستیپێکردەوە. ڕووسیا لە بەرامبەر بەخشینی ئەو قەرزە، گەشەپێدانی کێڵگەیەکی نەوتی عێراقی بە دەستەوە گرت کە لە سەدا 12 ی نەوتی ئەم وڵاتە دابین دەکات.
یەک ساڵ پاش ئەوەش عێراق بۆ کڕینی چەک لە ڕووسیا گرێبەستێکی لە گەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد، بە تایبەت کڕینی 36 کۆپتەری سەربازی بە بڕی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
مانگی ڕابردووش ڕاگەێندرا کە کۆمپانیای پەیوەندیدار بە فڕۆکەکانی ئێف 16 ی ئەمریکا بە هۆی هێرشە ڕۆکێتییەکانەوە عێراقیان بە جێهێشتووە، ئەم ڕووداوانەش ڕەنگە عێراق بەرەو دۆزینەوەی هاوبەشی دیکە هان بدەن./.