بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە هەولێر، فکر و سەرکێشییەکانی، دەرگیربوونی فکرە بە کێشەکانی مرۆڤەوە، بەوەی مرۆڤ خەریکی چییە؟ چی لە ژیان دەچنێتەوە و دەیەوێت بە کوێ بگات؟ موراد فەرهادپوور لەم کتیبەدا دەرگیرە لەگەڵ فکری چەندین بیرمەند و فەیلەسووفی ڕۆژئاوایی و دەیەوێت لە ڕێی ئەوانەوە بە سەرکێشییەکی فکری بگاتە کۆمەڵێک پرسیار و وەڵام کە ڕەنگە بۆ ئێمەی خۆرهەڵاتی و خوێنەری کورد سەرجەمیان بەرکەوتنی نوێ بن، چونکە فەرهادپوور خۆی هەمیشە دەرگیرە بە فکری نوێ و لەنێویدا لە ململانێ و سەرکێشیدایە.
وەرگێڕ لە پێشەکییەکەی کتێبەکەدا بە وردی لەسەر چەند تەوەرە فکرێکی مورادپوور هەڵوەستەی کردووە، کە ئەوە کۆمەکی خوێنەر دەکات بۆ ئەوەی بە دنیابینی ئەم رۆشنبیرە کاریگەرەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشنا ببێت.
موراد فەرهادپوور (لەدایکبووى ١٩٥٨)، ڕۆشنبیر و وەرگێڕێکى فارس زمانە و جگە لەوەى باکگراوەندێکى چەپگەراىانەی هەیە، دەرگیرى فکر و فەلسەفەشە. ئەو لە دەیەى هەشتاى زاینیدا، دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەى نوسینە تیۆرییەکانى خۆى لە بڵاوکراوەکانى وەک (راە نو، کیان، آدینە). ئینجا لەگەڵ چەندین وەرگێڕدا، بۆ دەهەیەک زیاتر گۆڤارى “ارغنون” بڵاو دەکەنەوە کە گرنگى بە فکرى مۆدێرن و بەتایبەتییش سەدەى بیست دەدات. دواتریش لە پرۆژەى (رخداد) و پاشان تێزى ١١، بەردەوام دەبێت.
فەرهادپوور سەرەتا لەژێر کاریگەریی قوتابخانەى فرانکفۆرتدا دەبێت و لەوێدا بە قەولى خۆى بەر جۆرێک بنبەستى سیاسى دەکەوێت و دواتر ئاشناى فەیلەسووفى وەک سلاڤۆى ژیژەک و ئالان بادیۆ و جۆرجیۆ ئاگامبێن و هتد دەبێت و لەگەڵ هاوکارەکانیدا هەندێک لە کارەکانی ئەوان وەردەگێڕن.
وەرگێڕ لە پێشەکییەکەی کتێبەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دیارترین پرۆژەى نووسینى فەرهادپوور کتێبى (عقل افسردە) واتە (ئەقڵى خەمۆک)ـە کە کۆمەڵێک وتارە لەبارەى فکرى مۆدێرنەوە. دواتریش چەند کۆمەڵە وتارێکى گرنگى تر بڵاو دەکاتەوە لەژێر ناونیشانى (پارەهاى فکر)دا واتە پارچەکانى فکر؛ کە دوو بەرگە و لە فەلسەفە و سیاسەتەوە دەگرێتەوە تا هونەر و ئەدەبیات کە زۆرینەى وتارەکانى ئەم کتێبە لەو دوو بەرگە دەرهێنراون (باقیی ئیشەکانى تریش لە ماڵپەڕى تایبەتى ترەوە وەرگیراون).
هاوکات سەبارەت بە هەڵبژاردنى ئەم باس و وتارانەش دەڵێت؛ لانیکەم لەبەر دوو خاڵى سەرەکى بوو: ١) دەرگیربوونى دە ساڵێکم بە نووسینەکانى نووسەرەوە، کە جۆرێک لە قەرزى مەعریفى و ڕۆحیی لا جێ هێشتبووم. ٢) تێماى باسەکانیش بەگشتى دوو هێڵ دەبڕن، هەردوو هێڵى مۆدێرنە و بیرى فرۆید-لاکان.
ئەوەی ماوەتەوە باسی بکەین ئەوەیە کە خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا گەشتێکی فکری دەکات، کە هەرگیز مرۆڤەکەی پێش خوێندنەوەی ئەم کتێبە نییە، بێگومان ئەگەر بە قووڵی بە ئایدیاکانیەوە دەرگیر بێت.