بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆن تێرمەن مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئێم ئای تی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە ڤیەننا وتی: لایەنەکان بە جیدی سەرقاڵی دانوستانن و ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ڕێکەوتن، بە بۆچوونی من کە دانوستانەکان دەگاتە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان وتی: پێشبینی من ئەوەیە کە بەشێک لە گەمارۆکان نامێنێت، بە تایبەت ئەو گەمارۆیانەی پەیوەندییان بە دۆسیەی ناوەکی ئێرانەوە هەیە، ئەگەرچی دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی خێرایان نییە بەڵام لە ئاکامدا دەبێتە هۆی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
جۆن تێرمەن وتی: ئیدارەی بایدن ڕەزامەندیی لە سەر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەربڕیوە، ئەم ڕێکەوتنە بە گرنگترین دەسکەوتی سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی باراک ئۆباما دادەنرێت و ئەمەش هۆکارێکە کە بایدن هەوڵی زیندووکردنەوەی بدات. ڕێکەوتنی ناوەکی بۆ سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە.
وتیشی کە ئیسرائیل هەموو هەوڵێکی بۆ لاوازکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی دەخاتەگەڕ و تا ئێستا ئەمریکا لە بەرامبەر گوشارەکانی تەل ئەبیب دانی بە خۆدا گرتووە، پێدەچێت کە بایدن لە ئێستادا بە بێ گرنگیدان بەو گوشارانە تەنیا هەوڵی ڕێکەوتن لە گەڵ ئێران دەدات و ئەمەش ڕوو دەدات.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی ئەمریکا بە ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی ئێران و کاریگەریی لە سەر دانوستانەکانی ڤیەننا وتی: هەڵبژاردنەکان دەتوانێت کاریگەریی لە سەر دانوستانەکان هەبێت بەڵام من پێم وایە ئەگەر ڕێکەوتنێک واژۆ بکرێت کە گەمارۆکان هەڵبگرێت بۆ هەر سەرۆک کۆمارێکی نوێ ئەستەم دەبێت پشت لەو ڕێکەوتنە بکات، ئابوری ئێران بەندە بە هەڵگرتنی گەمارۆکان و سەرۆک کۆماری نوێش بە باشتربوونی دۆخی ئابوری دەتوانێت پێگەی خۆی باشتر بکات./.