بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی رای الیوم بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاند: لەم ڕۆژانەدا دانیشتووانی 5 وڵات و حکومەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە ئێران، سوریا، لوبنان، یەمەن لە گەڵ کەرتی غەززە ڕوبەڕوی سزا و گەمارۆی ئابوری بەربڵاو بوونەتەوە کە ئامانجەکەشی هاندانی خەڵکە بۆ ڕاپەڕین و کودەتا و لە ئاکامدا ڕووخانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە. ئامانجێکی دیکە ئەوەیە کە ئەگەر دەسەڵاتەکەشیان ناڕووخێت، خۆیان لە بەرامبەر پیلانی ئەمریکی – زایۆنیستی بە دەستەوە بدەن و ئامانجی ئەمریکا ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزییە لەو وڵاتانەی کە خاوەن سەقامگیرین لە ناوچەکە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سیاسەتی گەمارۆدان نەک تەنیا شکستی هێناوە، بەڵکوو ئەنجامەکەی بە تەواوی پێچەوانە بووە و ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە وڵاتانی ناوبراو لە پاش گەمارۆکان بە هێز و کاریگەری زیاترەوە دەردەکەون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی عەرەبی بەردەوام سەرقاڵن بە پیلانی ئەمریکی – زایۆنیستی لە ناوچەکە و تووشی چەندین قەیرانی ناوخۆیی، سیاسی و ئابوری بە تایبەت لە ناوچەی باشوری کەنداوی فارس بوونەتەوە.
ئەم شرۆڤەکارەی جیهانی عەرەب ڕایگەیاند: گەمارۆکانی ئەمریکا بووەتە هۆی زیاتربوونی جموجوڵی بزوتنەوەکانی حەماس و جیهانی ئیسلامی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، بە تایبەت بۆ گەیشتن بە توانای وەبەرهێنانی چەک و پەرەپێدانی بواری سەربازی کە لوتکەی ئەم سەرکەوتنەش لە شەڕی ئەم دواییەی کەرتی غەززە بووە. سوریا یاسای گەمارۆکانی ئەمریکای تا ئێستا بێ کاریگەر کردووە و بەرە بەرە دۆخی ئەو وڵاتە بەرەو باشتربوون دەڕوات. بەڵام سەبارەت بە ئێران، ئەوان لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە لە بواری ناوەکی لە گەڵ چین و ڕووسیا هاوکاری بکەن و ئەمریکا ناچار بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دانوستان بکات، بە بێ ئەوەی کە ئێران لە داواکارییەکانی پاشگەز ببێتەوە یان لە گەڵ ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ دانوستان بکەن.
بە بۆچوونی عەتوان، دوو بەیاننامە لە ناوچەی عەرەبی و گۆڕانکارییەک لە ئێران دەتوانێت سیناریۆکانی بەردەم ناوچەکە و نەخشەی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو دیاری بکات.
یەکەم، هۆشدارییەکەی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبووڵای لوبنان لە وتاری تایبەت بە ساڵۆگەڕی دامەزراندنی کەناڵی ئەلمنار کە تێیدا هەڕەشەی شکاندنی گەمارۆی سووتەمەنی لە دژی لوبنانییەکان و هاتنی تەنکەرەکانی بەنزین و گازۆئیلی ئێرانی کرد.
دووەم، سکاڵای ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە سەر حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بە هۆی واژۆکردن و جێبەجێکردنی بەڵگەی 2030 بە بێ تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لە پەرلەمان. تاوتوێکردنی دووبارەی ئەم بەڵگەیە پێش هەڵبژاردنەکانی ئێران بە واتای کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕیفۆرمخوازەکان دەبێت و تەنانەت ئەگەری گەڕانەوەش بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی کەمتر بووە.
سێهەم، عەبدولمەجید تەبون سەرۆک کۆماری جەزایر لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی جزیرە ئاشکرای کرد کە چەند لایەنێکی عەرەبی لە دژی سوریا پیلانگێڕی دەکەن و ڕایانگەیاندووە کە لە پاش سوریا هەوڵەکانمان دەبەینە وڵاتی جەزایر.
عەتوان ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە لە هەڵبژاردنەکانی ئێران سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکەوتن بە دەست بێنێت و ئەمەش سەرەتایەک بۆ گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە بێت کە گرنگترینی ڕوبەڕوبونەوەی پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە.
ناوبراو وتی: ئایا درووستە کە بیرە نەوتییەکانی سوریا و یەمەن لە لایەن هاوپەیمانانی ئەمریکاوە داگیر بکرێن و ڕێگری لە هاوردەکردنی سووتەمەنیش لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بکرێت؟ بۆ ئەم وڵاتانە وەڵامی سوریا، یەمەن و لوبنان لە بواری سووتەمەنیدا نادەنەوە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە دژی خۆڕاگری ناوچەکە هەنگاو دەنێن.
عەبدولباری عەتوان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند کە سەردەمی گەمارۆکان بەرەو کۆتایی دەڕوات و کاتی ترس و نیگەرانی زایۆنیستەکان و هاوپەیمانەکانی ئەوان گەیشتووە. لە زووترین کاتدا گەورەترین گۆڕانکاری بۆ بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە ڕوو دەدات./.