بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی بەغدای کردووە، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی، لە گەڵ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دوایین دۆخی هەڵگرتنی ڤێزە لە نێوان هەر دوو وڵات وتووێژ و بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتریش لە گەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر، هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و چەند کەسایەتییەکی دیکەی ئەم وڵاتە کۆبووە./.