بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کازم خاوازی وەزیری کشتووکاڵی ئێران لە چاوپێکەوتنی هاوتا عێراقییەکەی وتی: ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر باشمان لە گەڵ عێراق هەیە و ڕێژەیەکی زۆر لە کاڵای ئێرانی هەناردەی عێراق دەکرێت کە لە سەدا 23 ی بەرهەمی کشتووکاڵییە.
ناوبراو وتی: خۆشحاڵین بەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەرەو گەشەسەندن دەڕوات و بۆ واژۆکردنی گرێبەستی درێژخایەنی کشتووکاڵی لە گەڵ عێراق ئامادەین.
خاوازی بە ئاماژە بەوەی کە بۆ هاوکاری لە بەشە جیاجیاکان دەبێت خشتەیەکی کاتیمان هەبێت کە بە پێی کەرتی کشتووکاڵی هەر دوو وڵات بێت، وتی: دەرفەتی زۆر باش هەیە کە ئەو کاڵایانە لە وڵاتانی دیکە هاوردەی دەکەین لە ڕێگای عێراقەوە بێت و بەمەش یارمەتیدەری هاوسەنگکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بێت.
وەزیری کشتووکاڵی ئێران وتی: دەبێت سەرجەم یاساکانی تایبەت بە گومرک و پرۆتۆکۆلە تەندرووستییەکان لە خاڵە سنورییەکان پەیرەو بکرێت تا لە ئاڵوگۆڕی کاڵاکاندا تووشی هیچ کێشەیەک نەبین.
وەزیری کشتووکاڵی عێراق: گرنگی بە هاوردە لە ئێرانەوە دەدەین
لەو کۆبوونەوەدا محەممەد کەریم خەفاجی وەزیری کشتووکاڵی عێراق بە گرنگییەوە باسی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و وتی کە هاوردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە ئێرانەوە بەراورد بە وڵاتانی دیکە بۆ ئێمە گرنگیی هەیە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا وڵاتێکە کە لە سەرجە بوارەکاندا لە گەڵ عێراق بووە و لەم ڕووەشەوە خۆمان بە قەرزداری ئەوان دەزانین.
خەفاجی وتی: لە بەشە جیاجیاکاندا دەتوانین پەرە بە هاوکارییەکان بدەین، کەرتی کشتووکاڵی ئێران پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە و دەتوانین پێشوازی لە وەبەرهێنەرانی ئێرانیش بکەین./.