بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەشەنگ کامکار کە لە گەڵ زۆرێک لە گڕووپە مۆسیقاییەکاندا وەک گرووپی شەیدا و گرووپی دەستان بەشێوازی پڕۆفێشناڵ هاوکاری کردووە سەبارەت بە دۆخی هونەرمەندانی بواری مۆسیقا لە ڕۆژانی کۆرۆنادا ڕایگەیاند: بەداخستنی کۆنسێرتەکان هونەرمەندانی بواری مۆسیقا بە توندی کەوتنە ژێر گوشاری ماڵی و ڕۆحییەوە ،بەتایبەت ئەوگرووپانەی لەگەڵ یەکتر کاریان دەکرد مەجبوور بوون لە یەکتر جیا ببنەوە.
ئەم هونەرمەندە کە تازە ڤاکسێنی کۆرۆنای وەرگرتووە بە بیرهێنانەوەی مێژووی پەتا جۆراوجۆرەکان و قوربانی کردنی مڕۆڤەکان، هیوادار بوو کە باروودۆخەکە چاک دەبێت و ئەم پەتایە زووتر تێپەر دەبێت و ژیان دریژەی هەیە.
پەشەنگ کامکار کە لە ڕۆژانی کۆرۆنادا وانەکانی لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە بەڕێوە دەبرد وتی: هەر مۆسیقایەک جێگە و پێگەی خۆی هەیە ،هەر لە کۆنەوە مۆسیقای نەریتی بەنسبەت مۆسیقای پاپەوە لایەنگری کەمتر بووە لە بەر ئەوەی مۆسیقای پاپ زووتر خەڵک لێی تێدەگات و تێڕامانی کەمتری دەوێت بەڵام مۆسیقای نەریتی پێویستی بە تێڕامان و بیرکردنەوەیە و کەسانی تایبەت گوێێ لێدەگرن و چێژی لێ وەردەگرن و هێشتا جێگەو پێگەیەکی باشی لە کۆمەڵگەدا هەیە.