بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە سەر زاری بەرپرسانی ئەمریکی ڕایگەیاند کە گرووپە چەکدارەکانی نەیاری واشنتن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو لانیکەم سێ جار لە ڕێگای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان کە ئەمریکا بۆ پرۆسە تایبەتەکان لەوان کەڵک وەردەگرێت.
ڕۆژنامەکە لە سەر زاری بەرپرسانی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە هێرشی یەکەم شەوی 13 لە سەر 14 ی مانگی نیسان بووە کە بینایەکی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکای لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کردە ئامانج.
پێشتر ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕایگەیاندبوو کە ئەگەرچی ئەو هێرشە زیانی گیانیی نەبووە بەڵام نیگەرانی توندی وەزارەتی بەرگری و کۆشکی سپی بە دواوە بووە.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووەمی مانگی ئایار فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دیکە بنکەی عەین ئەسەدی لە پارێزگای ئەنبار کردە ئامانج کە شوێنی چالاککردنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە هێرشبەرەکانی ئەمریکایە.
سێ ڕۆژ پاش ئەوەش فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دیکە بنکەی ئاسمانی هەریری لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج کە فەرماندەیی پرۆسە تایبەتەکانی ئەمریکا کەڵکی لێ وەردەگرێت.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئەو فڕۆکانە دەتوانن تا 27 کیلۆ تەقەمەنی لە گەڵ خۆیان هەڵبگرن.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەکان لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و هەر ئەمەش وایکردووە کە لە لایەن سیستەمەکانی بەرگرییەوە هیچیان بەرامبەر نەکرێت./.