بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: ئەوانەی ئێمە بە بێ دەوڵەتی تاوانبار دەکەن ئایا خۆیان وڵاتیان لە ساڵی 2003 بونیاد ناوەتەوە؟ ئەگەر ئەمڕۆ گرووپی بێ دەوڵەت و چەکی نایاسایی بوونی هەیە، هۆکارەی ئەو کەسانەن کە ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر وڵات بە جێ نەهێناوە. کەسانێک کە بە بێ دەوڵەت ناویان دەبەن، هەمان ئەو کەسانەن کە چەکیان هەڵگرت و لە بەرامبەر داگیرکاران خۆڕاگرییان کرد و دەسەڵاتی عێراقیان پاراست، ئەگەر دەسەڵاتێکی ئەمنی هەبوو خەڵک چەکی هەڵنەدەگرت و شەڕی داعشی نەدەکرد.
ناوبراو وتی: هێزەکانی ئەمریکا خۆیان بە نایاسایی لە عێراقدا جێگیر بوون، دەبێت بە پێی دەستوور و بڕیارەکەی پەرلەمان ئەوان لە خاکی ئێمەدا دەربکرێن، ئەگەر حکومەت و لایەنە سیاسییەکان هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکەن ئێمەش چەک دادەنێین.
خزعەلی بە ئاماژە بەوەی کە موڵەتی شەڕی شێعە لە دژی شێعە نادرێت، وتی: بەشی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران زانیاری هەڵە بڵاو دەکاتەوە تا دۆخی وڵات تێک بدات، سەرایا سەلام و ئەندامانی ڕەوتی سەدر هەمان حەشد و خۆڕاگرین و هیچ پێکدادنێکیان لە گەڵ گرووپەکانی دیکەی حەشد نەبووە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حەسائیبی ئەهلی حەق بە ئاماژە بە بوونی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پارێزگای ئەنبار، وتی: ئیسرائیلییەکان لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە و هەندێک کۆمپانیا و بە پاسپۆرتی ساختەوە دێنە عێراق.
قەیس خزعەلی وتی: مۆساد هەوڵی تیرۆرکردنی چەندین کەسایەتی کەتائیب و سەرایا سەلام دەدات تا ئەوان شەڕی دژ بە یەکتر دەست پێبکەن. بوونی ئیسرائیل نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە عێراق زیاتر لەوەیە کە چاوەڕوان دەکرا، ئەوان پێشتر لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانیان چالاکییان دەکرد بەڵام ئێستا خۆیان هاتوونەتە عێراق./.