بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵی ڕابردوو یەک لە سەر پێنجی ئەمریکییەکان بۆ یەکەم جار چەکیان کڕیوە.
ڕاپۆرتی دوو ناوەندی توێژینەوەیی لە ئەمریکا پیشان دەدات کە ژمارەی کڕیارانی چەک و هەروەها خاوەنی چەک لە ئەمریکا زیاتر بووە.
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، لە ساڵی ڕابردوو، نیوەی ئەوانەی کە چەکیان کڕیوە ژنان بوون. لە لایەکی دیکەوە یەک لە سەر پێنجی کڕیارانی چەک لە ساڵی ڕابردوو لە ئەمریکا ڕەشپێست بوون.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار، کڕیارانی پیاوی سپی پێست کەمتر لە ساڵانی ڕابردوو بووە.
لە لایەکی دیکەوە، بە پێی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی شیکاگۆ کراوە و ئامارەکەی لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاو بووەتەوە، لە سەدا 39 ی خێزانەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2020 چەکیان بووە کە ئەم ئامارەش بەراورد بە لە سەدا 32 ی ساڵی 2016 بەرزبووەتەوە.
ئاماری نوێش پیشان دەدات کە لە ساڵی 2020 نزیکەی لە سەدا 6.5 لە کەسانی تازەپێگەیشتووی ئەمریکی چەکیان کڕیوە کە دەکاتە 17 ملیۆن کەس./.