بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران وتی کە دەبێت پرۆسەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بەردەوام بێت، وەک ئەوەی کە لەم ساڵانەدا سەرەڕای گەمارۆکان جێبەجێ کراوە.
ناوبراو وتی: پلانێکمان بۆ زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی گاز هەیە تا بە پێی زیاتربوونی ڕێژەی بەکارهێنانی گاز لە ساڵانی داهاتوو وڵات تووشی کێشە نەبێت.
وەزیری نەوتی ئێران وتی: سەرەڕای گەمارۆکان کاری زۆر گەورە لە ئێراندا کراوە و ڕۆژئاوای کارون لە وەبەرهێنانی 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە گەیشتووەتە 400 هەزار، ئەڵبەت ئەگەر کێڵگەی ئازەریش هەژمار بکەین دەکاتە 460 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەم هەنگاوانەش لە هەلومەرجی گەمارۆکان و بێ پارەیی سندۆقی گەشەپێداندا بووە.
زەنگەنە وتی: بە ئاسانی دەتوانین ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت بگەێنینە 6 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
ناوبراو وتی: عێراقێک کە هیچ کات سێ ملیۆن بەرمیل نەوت وەبەرهێنانی نەبوو ئێستا گەیشتووەتە ئاماری 5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و بازاڕیشی هەیە، لە ڕاستیدا ئەگەر ئیرادە هەبێت هەر پلانێک جێبەجێ دەکرێت./.