بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرهاد دژپەسەند وەزیری ئابوری و دارایی ئێران لە پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ عەلی عەلاوی هاوتا عێراقییەکەی و شاندی یاوەری وتی کە هیوادارین بە لێک تێگەیشتنی نێوان هەر دوو لا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق زیاتر بەرەوپێش ببرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری ڕۆشنبیری، وتی: پێویستە هەر دوو وڵات بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیان هەنگاوی زیاتر هەڵبگرن.
دژپەسەند وتی کە لە سەر چارەسەرکردنی کێشە گومرکییەکان و ئاسانکاری بۆ بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری لێک تێگەیشتنی باش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراقیش ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە سەر هەماهەنگی گومرکی لە سەرجەم خاڵە سنورییە هاوبەشەکان بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کراوە.
ناوبراو وتی: ئاسانکاری بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات و پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی نێوان شەلەمچە – بەسرە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە هاوبەشەکە لە گەڵ وەزیری دارایی ئێران بووە./.