بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وائیل ڕکانی لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسێکی ئێرانی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە هەر لایەکەوە کەتووەتە گەمارۆی بەرەی خۆڕاگرییەوە و ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە سنورەکانی فەڵەستینی داگیرکراوەوە نییە.
ناوبراو وتی: ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دواییە بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی، ستراتیژی نوێ و پێشکەوتووی خۆڕاگریی سەلماند و ئەوەی پیشاندا کە خۆڕاگری سنورەکانی فەڵەستینی تێپەڕاندووە.
ڕکابی بە ئاماژە بە پێشکەوتنی بەرچاوی هێزی بەرگریی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین وتی: ڕژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ لە هەر لایەکەوە گەمارۆ دراوە و سنورەکانی فەڵەستین بە تەواوی بووەتە سنورەکانی بەرەی خۆڕاگری، ئەمەش هەمان سەرکەوتنی هێزەکانی خۆڕاگریی کە لەم شەڕەی ئەم دواییەدا مسۆگەر بووە و هەمووان ئەم دەسکەوتە مەزنەیان بینی و پیشاندەری پێشکەوتنی هێز و کاریگەری گرووپەکانی خۆڕاگری بووە.
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە وتی: ئەم خۆڕاگرییە کە ئەمڕۆ بینرا لە سنورەکانی وڵاتێکی وەک فەڵەستین تێپەڕ بووە و بووەتە بەرەیەکی یەکگرتوو کە چەندین هێزی گەورەی بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆ دەگرێت.
وائیل ڕکابی وتی: ئەمڕۆ دەبینین کە ئەم دوژمنە داگیرکار و زاڵمە لە پاش 70 ساڵ کەوتووەتە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێوە.
وتیشی: خۆڕاگری ئەمڕۆ دۆخەکەی وا بەرەو گۆڕانکاری بردووە کە سەرجەم ڕێکەوتنەکانی خیانەت و سازشتی عەرەبی بە تایبەت گرێبەستی سەدە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبیی لە گەڵ زایۆنیستەکان تەواو بێ کاریگەر کردووە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییەی عێراق وتی: فەڵەستین دەبێت بۆ ئامێزی جیهانی ئیسلام بگەڕێتەوە، خاکی پێغەمبەرەکان و پیاوچاکانە کە ئیسرائیل داگیری کردووە و قارەمانانی فەڵەستین بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی ئازادکردنی دەدەن.
ڕکابی وتی: ئەمڕۆ کەوتووینەتە بەردەم هاوکێشەیەک کە وەک راستییەک دەبێت هەمووان ملکەچی بن و لە قۆناغی داهاتووش ڕژێمی زایۆنیستی لاوازتر دەبێت و سەرجەم ڕێگاکانی بە ڕوودا دادەخرێت./.