بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدوڵڵا زارعی شرۆڤەکاری باڵای کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە بەشداری ڕێژەی بەرچاوی خەڵکی سوریا لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کە بەشار ئەسەد بە زۆرینەی دەنگ تێیدا براوە بوو، وتی: پێشتریش لە سوریا ئەزموونی بەشداری زۆرینەی خەڵک بە ڕێژەی لە سەدا 78 تا 80 بینراوە، ئەگەر ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی سوریا لە گەرمەی قەیرانی ئەمنی ئەم وڵاتە بدەین، کە لەو کاتەدا یەک هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەوە دەگەین کە ڕێژەی بەشداری خەڵک زۆر بووە. ڕەنگە پرسیار ئەوە بێت کە بۆ خەڵکی سوریا بەم دۆخەوە بەشدارییەکی زۆریان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە؟ لە وەڵامدا دەتوانین ئاماژە بە سێ هۆکار بدەین.
زارعی سەبارەت بە هۆکاری یەکەمی دەنگە باڵاکەی بەشار ئەسەد وتی: سوریا لە ماوەی 40 تا 50 ساڵی ڕابردوو بەردەوام هەستی بە هەڕەشە ئەمنییەکان کردووە، سەردەمێک هەڕەشە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بووە و پاشان گرووپە تیرۆریستییەکان دەبوونە هەڕەشە لە سەر ژیانی خەڵک، ئەڵبەت ئەو هەڕەشە هێشتا بنبڕ نەبووە. گەلی سوریا هێشتا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپە تیرۆریستییەکان هەست بە هەڕەشە دەکەن، هەروەها لە لایەن وڵاتێکی وەک تورکیاوە، ئێستا لە بەشێک لە خاکی سوریا هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا جێگیر کراون، واتە دوو وڵاتی بیانی بە نایاسایی هێزەکانیان هێناوەتە سوریا، هەر بۆیە ئەم هەستکردنە بە پێویستی ئاسایش و سەقامگیری ئەمنی یەکێک لە هۆکارەکانی بەشداری باڵای خەڵکی سوریایە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە.
ئەم شرۆڤەکارە باڵایەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەی ئەسەدی لە نێوان گەلی سوریا بە دووەمین هۆکاری بەشداری خەڵکی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ناو برد و وتی: لە سوریا بنەماڵەیەک بووەتە سمبول، بەنماڵەی ئەسەد سبولی شەرافەت و هێز و شانازییەکانی سوریان، ئەمەش لە ساڵانی 1964 تا 2000 و کۆچی دوایی حافیز ئەسەد هەبووە و پاشان کە بەشار ئەسەد گەیشتە دەسەڵات، ئەو بەهێزبوونە بەردەوام بووە و ڕۆڵی بنەماڵەی ئەسەد لە کۆمەڵگای سوریا یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەشداری زۆرینەی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکانی سوریا.
سەعدوڵڵا زارعی سەبارەت بە سێهەم هۆکاری بەشداری زۆرینەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سوریا ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی حیزب لە کۆمەڵگای ئەم وڵاتە دا و وتی: حیزبی بەعسی سوریا تەواوی کۆمەڵگای ئەم وڵاتەی گرتووەتەوە، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە خەڵک بە درێژایی مێژووی ئەم حیزبە لە ڕووی ڕێکخستنەکان و سیاسییەوە پەروەردە کراون، واتە کەمترین کارێکی ئەندامێکی حیزبی بەعس بەشدارییە لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدانە بە کاندیدی حیزبەکەی کە ئەمەش بابەتێکی ئاساییە.
ناوبراو وتی: حیزبی بەعس زیاتر لە 20 ملیۆن ئەندامی لە سوریا هەیە و کاتێک هەڵبژاردنەکان لەم وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت، خەڵک بە یەکگرتوویی بەشداریی تێدا دەکەن و دەنگەکانیان دەدەنە کاندیدی حیزبەکەش، پاشان دەبینین کە شەقامەکانی سوریا دەبێتە ئاهەنگ و شایی، خەڵک نەک تەنیا لە دەنگەکانیان ڕازین بەڵکوو ئەم سەرکەوتنە بە هێمای بەهێزبوونی خۆیان دەزانن.
ئەم شرۆڤەکارە باڵایەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: خەڵکی سوریا متمانەی زۆریان بە بەشار ئەسەد هەیە، ئەسەد یەکێک لە خۆشناوترین کەسانی سوریایە و تا ئێستا کەس بە گەندەڵی تۆمەتباری نەکردووە و دەستپاکی لە ناوبانگەکانی ئەوە، هەروەها ئەوەی کە لە ماوەی قەیرانی سوریا هیچ کات لە ژێر ئەم هەموو گوشارەدا گۆڕەپانی بەرگری لە خەڵکی چۆڵ نەکرد و تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەشی هەر لە سوریا مانەوە. هەر بۆیە ئەگەر ڕابردوو تاوتوێ بکەین بەوە دەگەین کە ئەسەد خۆشەویستی خەڵکی سوریایە.
زارعی وتی: خەڵکی سوریا گرنگی بە پاراستنی سەربەخۆیی، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی خۆیان دەدەن، سەیری ئەم هەموو تاوانە بکەن کە گرووپە توندڕۆکانی نەیاری بەشار ئەسەد کردوویانە، هەر بۆیە خەڵک کەسێک لە بەرامبەر ئەو گرووپانە خۆڕاگریی کرد بە پیرۆزی دەزانن، ئەمڕۆ بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ئەگەر ئەسەد نەبێت نە ئاسایشی سوریا پارێزراو دەبێت و نە یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە دەمێنێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە کاریگەرییە سیاسییەکانی هەڵبژاردنەوەی بەشار ئەسەد لە سەر داهاتووی سوریا وتی: پەیامی ئەم هەڵبژاردنانە ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە بزانن کە بەشار ئەسەد بۆ خولێکی 7 ساڵەی دیکە سەرۆک کۆمارە، هەر بۆیە ئەوانەی کە چاوەڕوانیان دەکرد لە کۆتایی خولی سەرۆکایەتی کۆمار هەلومەرجێکی دیکە ببینن ئێستا ئەسەد وەک سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی خەڵک لە بەرامبەر خۆیان دەبینن، واتە هەڵبژاردنەکان ئەوەی سەلماند کە ئەسەد ماوەتەوە، تورکیاش دەبێت بەو ڕاستییە بگات کە لە گەڵ ئەم بەشار ئەسەدە دەست بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بکات./.